ژیلا حوسێنی؛ پێشەنگی داهێنەرانەی وتاری بەرەنگاربوونەوە پیاوسالاری ئەدەبیاتی کوردیی

ژیلا حوسێنی، شاعیری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٦ بە ڕووداوێکی دڵتەزێن لە کاتی چوونی بۆ دیدار لەگەڵ شێرکۆ بێکەس لەسەر ڕێگەی تاران گیانی لە دەستدا، بووە پێشەنگی داهێنەرانەی وتاری بەرەنگاربوونەوە پیاوسالاری ئەدەبیاتی کوردیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەدەبی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆر ژن هەن کە ئەمڕۆش ناو و بەرهەمەکانیان زیندوون، لەناو ناوە گرنگەکاندا، ژیلا حوسێنیش هەیە؛ شاعیرێکیکورد کە ٣٢ ساڵی ژیانی نەیتوانی هەموو ئەو شتانەی کە لە دڵیدا بوون لە هۆنراوەدا جێی بکاتەوە. شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس پێی گوتووە: "هۆنراوە عیشق بوو، ژیلاش مەعشوق.

 

ژیلا حوسێنی،یەکێک لە ژنە شاعیرە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٣٢ ساڵی ژیانیدا هۆنراوە، چیرۆک، وەرگێڕ و کاری ڕادیۆی پێکەوە ئەنجامدا. ژیلا حوسێنی کە ئەوین، ژنبوون، ئازار و گەڕانی ئازادی کردە ناوەندی هۆنراوەکانی، بە پێی کات زمانێکی ئەدەبی بنیادنا کە هەستیاری و پرسیاری لەسەر چوارچێوە نەریتییەکانی کۆمەڵگە لەخۆدەگرت. لە ساڵی ١٩٩٦ـدا ژیانی کۆتایی پێ هات، بەڵام دوای خۆی بەرهەمی هەتاهەتایی و میراتێکی ئەدەبی بەجێهێشت کە لە ژیانێکی کورتدا زۆر بەرهەمدار بوو.

 

لە ١٥ ساڵیدا دەستی بە نووسینی هۆنراوە کرد

ژیلا حوسێنی لە ٢١ـی ئەیلوولی ١٩٦٤ـدا لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە بنەماڵەیەکدا گەورە بوو کە نەریتی زانستی و ئەدەبی تێیدا بەهێز بوو. باس لەوە دەکرێت کە باپیری، شێخ عەبدولقادر شاعیر بووە و باوکی، شێخ مهران حوسێنیش وەک دادوەر، بیرمەند و ڕۆشنبیر ناسراوە.

 

پەرتوکخانەی دەوڵەمەندی باوکی ڕۆڵێکی گرنگی لە ئاشنابوونی ئەودا بە ئەدەب بینی. لەو ژینگەیەدا ئەو لەگەڵ ناوە گرنگەکانی هۆنراوەی کوردیدا ناسرا. لە ساڵەکانی قوتابخانەدا لێهاتوویی ئەدەبیی ئەو لەلایەن مامۆستاکانییەوە بینرا.

 

لە گەشتی ئەدەبیی ئەودا گۆڕانی سەرەکی لە ساڵانی ١٩٨٤-١٩٨٥ـدا ڕوویدا. لە بەشی کوردیی ڕادیۆی سنە دەستی بە کار کرد و لە بەرنامەی "ئێمە و گوێگران" کاری کرد. ئەمە لە هەنگاوە گرنگەکان بوو کە ژیلا حوسێنی بەرەو نووسین بە کوردی برد.

 

پەیوەندیی ئەو بە ئەدەبی کوردییەوە پێشتریش هەبوو. ژیلا حوسێنی لە کتێبخانەکەی باوکیدا بە هۆنراوەی کوردی ئاشنا بووبوو و بەرهەمەکانی شاعیرانی وەک نالی، گۆران و قانعی خوێندبووەوە. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی کاری ڕادیۆکە، کوردی بووە زمانی سەرەکیی بەرهەمە ئەدەبییەکانی. لە ساڵانی داهاتوودا، زۆربەی هۆنراوە و چیرۆکەکانی خۆی بە زمانی دایکی، بە کوردی نووسی.

 

ئازادی خاک، ئازادیی ژن و ئازادیی وشە

لە یەکەم قۆناغی هۆنراوەکانی ژیلا حوسێنیدا ئەوین، ژنبوون، ئازار و ئەزموونە تاکەکەسییەکانی ژیان لە پێشەوە بوون. بەڵام بە پێی کات دەنگ و ڕەنگی هۆنراوەکانی گۆڕا. لە سەرچاوە ئەدەبییەکاندا ئەم گۆڕانکارییە وەک بینینی دەنگی خۆی وەکو شاعیر و دەستپێکردنی تێڕوانینی ڕەخنەیی لەسەر قبووڵکردنی نەریتەکانی کۆمەڵگە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، لە هۆنراوەکانیدا ئازارەکانی ژنان و ژیانی سنووردارکراویانی زیاتر جێکردەوە. لە هەمان کاتدا، لە بەرانبەر ئەو زمانە ئەدەبییەی کە لەلایەن پیاوسالارانەوە بەرهەمهاتووە، دەنگی ڕەخنەیی خۆی بنیادنا. لەبەرئەوە، لەناو ژینگەی ئەدەبی کوردیدا ئەو بە شاعیری ئێرانی فوروغ فەرەهزاد بەراورد کراوە و بە "فوروغی کوردستان" ناوبراوە.

 

ژیلا حوسێنی لە ٢٧ـی ئەیلوولی ١٩٩٦ـدا گیانی لەدەستدا. کاتێک لەسەر ڕێی سنە-دێهگۆلان بەرەو تاران دەچوو تا سەردانی شێرکۆ بێکەس بکات، لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا. لەو ڕووداوەدا کچە ١٠ مانگەکەشی گیانی لەدەستدا.