ژنانی سووریا: ئەنتیگراسیۆن تەنها لە ڕێگەی دانپێدانانی مافە یەکسان و زمانەوانییەکانەوە دەکرێت

ژنانی سووریا لە پارێزگای حەسەکە ڕایانگەیاند، کە دەبێ مافی فەرهەنگی و زمانەوانی و سیاسی هەموو پێکهاتەکان سەبارەت بە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە نێوان هێزەکانی قەسەدە و حکومەتی دیمەشق پارێزراو بن، ئاشتی لە ڕێگەی چارەسەری سیاسی و بەشداری دیموکراتیکیەوەیە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- هاوپەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کە لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی لە دیمەشق واژو کرا، بوو بە بنەمای پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی نێوان حکومەتی سووریا و قەسەدە. ئامانج لەم پرۆسەیە یەکخستنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی دەوڵەت و پتەوکردنی سەقامگیری و خۆشکردنی ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکانە لە ڕێگەی دیالۆگ و بەشدارییەوە، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و مافی یەکسان.

 

لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە پێکهاتەکان لە شارەکانی سووریادا دەژین و ئەم پێکەوە ژیانە بەدرێژایی ساڵان، وەک تابلۆیەکی مۆزایک، ڕەنگدانەوەی فرە کولتووری و زمانەوانی و بوونە.

 

سەبارەت بەم پرسە، پێکهاتە سوورییەکانی پارێزگای حەسەکە، پارێزەر ڕیما مێرشۆ، ئەندامی یەکێتی ژنانی سووریا،  جێگری ئەنجومەنی حەسەکە هەڵسەنگاندنێکیان بۆ پەیامنێری ئاژانسەکەمان کرد.

 

”ئەنتیگراسیۆنی دامەزراوەکان و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان”

 

پارێزەر ڕیما مێرشۆ ڕایگەیاند، خەڵکی حەسەکە بە گشتی بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری ئەنتیگراسیۆن دەکەن و هیوادارن ئەم پرۆسەیە سەرەتای داهاتوویەکی پارێزراو و سەقامگیر بێت بۆ ناوچەکە.

 

پارێزەر ڕیما مێرشۆ جەختی لە گرنگی کردنەوەی دامودەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەتی سووریا کردەوە، وەک تۆماری مەدەنی، پاسپۆرت و کۆچبەری، دادگاکان و سەندیکای پارێزەران و ڕایگەیاند، پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنتیگراسیۆنی ئەو دامەزراوانە تەواو بکرێت.

 

سەبارەت بە کێشە ئابووریەکان و ژیانی ڕۆژانە، ڕیما مێرشۆ ئاماژەی بەوەدا، کە کەمی سووتەمەنی و کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە و دەبێت حکومەتی سووریا بەشێوەیەکی جددی و ڕێکوپێکی ئەو کێشانە چارەسەر بکات وتی: حەسەکە یەکێکە لەو ناوچانەی دەوڵەمەندە بە نەوت و گەنم و پەتاتە و سەرچاوەکەیەتی، دروست نییە ڕووبەڕووی کەمی سوتەمەنی ببێتەوە.

 

”مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان بنەمای ئەنتیگراسیۆن”

 

پارێزەر ڕیما مێرشۆ، لە وتارەکەیدا سەرنجی بۆ پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە ئەنتیگراسیۆن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە کولتوور و زمانی هەموو گەلان بونیاد بنرێت و وتی: داننان بە مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان مسۆگەرییە بۆ هەموو پێکهاتەکان.

 

ڕیما مێرشۆ پێشنیاری کرد، کە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و سریانی لە پەروەردەدا بەکاربهێنرێن و وتی: هەریەک لەو زمانانە نوێنەرایەتی مێژوو و کولتوورێکی گرنگی ناوچەکە دەکەن، نابێت کولتوورێک کولتوورێکی دیکە لەناو ببات، بنەمای پرۆسەکە دەبێت پێکەوە ژیانی کولتوورەکان و کولتووری ئەنتیگراسیۆن بێت.

 

ڕوونیکردەوە، پێویستە حکومەت دان بە مافی فێرکردنی زمانی جیاوازدا بنێت لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا، هەروەها دەتوانرێت پەرتوک و بەرنامەی پەروەردەیی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و سریانی.

 

”دەبێت دەستووری نوێ بە ڕەزامەندی هاوڵاتیانی سووریا دابڕێژرێت”

 

سەبارەت بە دەستووری نوێی سووریاش، پارێزەر ڕیما مێرشۆ ڕایگەیاند، داڕشتنی دەستوور دەبێت پرۆسەیەکی هەمەلایەنە بێت و هەر بڕگەیەک بە وردی خوێندنەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

لە کۆتاییدا پارێزەر ڕیما مێرشۆ ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە دەستوورەکە بخرێتە بەردەم گەلی سووریا و هاوڵاتیان بتوانن دەنگ لەسەر ناوەڕۆکەکەی بدەن وتی: هەموو هاوڵاتییەکی سووریا مافی ئەوەی هەیە بۆچوونی خۆی لەسەر هەر ماددەیەک دەرببڕێت، بەتایبەت ئەگەر ئەو ماددەیە مافەکانی خۆی مسۆگەر نەکات.

 

نتمانەیەکی یەکتر بنەمای پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنە”

 

خاتوون عیسا، جێگری ئەنجومەنی حەسەکە هەروەها ڕایگەیاند، کە ئەنتیگراسیۆن لە نێوان خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سووریا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، وتی: ئەنتیگراسیۆن دەتوانێت سەرەتای بونیادنانی سووریایەکی نوێ بێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بەشداری بکەن و مافەکانیان پارێزراو بن، بەبێ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەک لە پرۆسەکە دوور بخرێتەوە.

 

خاتوون عیسا جەختی لە گرنگی متمانەی یەکتر کردەوە و ڕایگەیاند، ڕەنگە بێمتمانەیی نێوان لایەنە جیاوازەکان ببێتە ڕێگر لەبەردەم پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن.

 

خاتوون عیسا داوای کرد، کە مافی فەرمانبەرانی خۆبەڕێوەبەری و دامودەزگاکانی دەوڵەت بپارێزرێت و هەڵبژاردنیان بەپێی شارەزایی و ئەزموون و پێوەرەکانی کارکردنیان ئەنجام بدرێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەک لە مافەکانی بێبەش بکرێت، لە کۆتایی قسەکانیدا، خاتوون عیسا جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت ئەنتیگراسیۆن تەنها لە ڕێگەی هاوکاری نێوان دامەزراوەکانەوە بێتەدی، بەڵکو لە ڕێگەی هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکانیشەوە بێت، بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی بەردەوام لەسەر بنەمای متمانەی یەکتر بونیاد بنرێت.