ناهید تەقوە، گەڕێندرایەوە زیندانی ئەڤین

دوای ئەوەی چارەسەر بۆ چالاکوان ناهیدە تەقوە کرا، لە پاشان گەڕێندرایەوە زیندانی ئەڤین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٩ی شوبات، مریەم کلارن کچی ناهید تەقوە، تەمەن ٦٩ ساڵ، لە پەیجی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، دایکی بە ئارەزووی خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندانی ئەڤین، ناهید لە ١٩ی کانوونی دووەم بەهۆی مۆڵەتی پزیشکییەوە لە زیندان ئازادکراوە.

 

ناهید تەقوە بەهۆی ئازاری چاویەوە لەم ماوەیەدا، مۆڵەتی لە زیندان وەرگرتوو، چارەسەری پزیشکی پێویستی بۆ کراوە، کچەکەی دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر دایکمدا دێت، داوا لە ئازادیخوازان دەکەم ببنە دەنگی دایکم و تەواوی زیندانیانی تر.

 

ناهید تەقوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی لە تاران، دوای گەڕان و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە کەلوپەلی کەسیی وەک مۆبایل، چەند کتێب، پاسپۆرت، دەستبەسەر دەکرێت و دەخرێتە ژوری تاکە کەسییەوە لە زیندانی ئەڤین، بە جێبەجێکردنی مادەی ٤٨ی یاسای ئیجرائاتی تاوان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە، لە کۆتاییدا داواکاری گشتیی ناوچەی ٣٣ی تاران تۆمەتەکەی ڕوونکردەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران کرد.

 

لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بۆ ماوەی ٢٢٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی مایەوە، لە ژوورێکدا بوو لە ڕووناکی، هەوا، خۆراک و چاودێری پزیشکیش بێبەش بوو، دواجار بە تۆمەتی "هەڵسوکەوتی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە گرووپێکی نایاسایی" بە ١٠ ساڵ و هەشت مانگ زیندانی حکوم درا.