جەنگ و کۆچکردن مافەکانی منداڵان پێشێل دەکەن و پاراستنیان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە
ئاریا عوسمان، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستنی منداڵانی شارەوانیی قامیشلۆ، ڕایگەیاند کە توندوتیژی و جەنگ تەنها هەڕەشە لە پارێزراوی منداڵان ناکەن، بەڵکو مافە بنەڕەتییەکان، دەرفەتەکانی پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتیشیان دەخەنە مەترسییەوە.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ – دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، دۆخی منداڵانی بێ دایک و باوک، بێماڵ و زیانبەرکەوتووی جەنگ سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕاکێشا، لە ساڵی ١٩٢٤دا، یەکەمین جاڕنامەی مافەکانی منداڵان ڕاگەیاندرا، لە ساڵی ١٩٥٩دا نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی مافەکانی منداڵانی پەسەند کرد و لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩شدا پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵان پەسەند کرا، لەو کاتەوە، ٢٠ی تشرینی دووەم بووە ڕۆژێکی گرنگ بۆ یادکردنەوە و گرنگیی پاراستنی مافەکانی منداڵان.
توندوتیژی دژی منداڵان تەنها لە لێدانی جەستەییدا قەتیس نابێت، بەڵکو توندوتیژیی دەروونی، هەڕەشەکردن، پشتگوێخستن، دەستدرێژیی سێکسی، کارکردنی منداڵان و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا دەگرێتەوە، ئەم توندوتیژییە دەکرێت لە ناو خێزان، قوتابخانە و ژینگەی دیجیتاڵیدا ڕووبدات و ببێتە هۆی ترس، دڵتەنگی، کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون، سەختیی فێربوون و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە تا گەورەبوونیشان بەردەوام دەبن.
خێزان یەکەم ژینگەیە بۆ گەورەبوونی منداڵ و دەبێت بە خۆشەویستی و گوێگرتن و ڕێزگرتن لە مافەکان لێی نزیک ببنەوە، هەروەها پێویستە قوتابخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان و دامەزراوە یاساییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، پشتگیری دەروونی و یاسایی پێشکەش بە منداڵانی زیانبەرکەوتوو بکەن، هەروەها میدیای دیجیتاڵی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بڵاوکردنەوەی کولتووری پاراستنی منداڵ.
لە دۆخە نائارامەکاندا هەمیشە منداڵان زیانبەرکەوتوون
لەم چوارچێوەیەدا، ئاریا عوسمان، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستنی منداڵانی شارەوانیی قامیشلۆ، سەبارەت بە ٢٠ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی منداڵان، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
ئاریا عوسمان ڕایگەیاند، کە ئەو جەنگ و قەیرانانەی لە شارەکەدا ڕوویانداوە، هەلومەرجی ژیانی منداڵانیان گۆڕیوە و ڕێگایان لەبەردەم چەندین سەختیدا کردووەتەوە کە کاریگەری لەسەر گەشەکردنیان دەکەن و ئاماژەی بەوە دا، کە کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لە ژینگەی ئاشنای خۆیان، منداڵان لە هەندێک مافی بنەڕەتی بێبەش دەکات وتی: لە دۆخەکانی جەنگدا، کاتێک کۆچکردن ڕوودەدات، منداڵان هەندێک جار لە مافی خوێندن، یاریکردن و ژیان لە ژینگەیەکی ئارامدا بێبەش دەبن، بێگومان، ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونییان دادەنێن.
پێویستە خێزان هاوکاری منداڵەکانی بێت
لە لایەکی دیکەوە، هەلومەرجە سەختەکان و ئەو لەدەستدانانەی کە منداڵان لە کاتی جەنگدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە، پێویستییان بە پاڵپشتییەکی تایبەتی دەروونی و خێزانی زیاتر دەکات، لەبەر ئەمە، ئاریا سەرنجی خستە سەر گرنگیی تێگەیشتنی دایک و باوکان لە دۆخی منداڵەکانیان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای خۆشەویستی و گرنگیپێدان و وتی: لە سەرەتادا پێویستە خێزان هاوکار بێت و بزانێت چۆن لەگەڵ منداڵەکانی هەڵسوکەوت بکات و چۆن پێداویستییەکانیان بناسێت.
بۆ منداڵان هەندێک دامەزراوە و ناوەند دروست کراون
لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا، ئاریا عوسمان باسی لە کارەکانی نووسینگەی چاودێریی منداڵانی شارەوانی و هاوکاری لەگەڵ هەندێک دامەزراوەی دیکەدا کرد و ڕوونیکردەوە، کە دروستکردنی ناوەندی تایبەت بۆ منداڵان هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی مەرجەکانی چاودێری، پەروەردە و پاراستنی ناسنامەیان و وتی: ئێمە وەک نووسینگەی چاودێریی منداڵانی شارەوانی و بە هاوکاریی هەندێک دامەزراوەی پەیوەندیدار، بۆ منداڵان هەندێک دامەزراوە و ناوەندمان دروست کرد، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە منداڵان لە ناو کۆمەڵگەکەی خۆیاندا، خۆیان بە خاوەن ناسنامە ببینن و مافەکانیان بپارێزرێن.
ئێمە بۆ زۆرێک لە منداڵان بووینە جێگرەوەی دایک و باوک
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاریا عوسمان سەرنجی خستە سەر دۆخی ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی جەنگدا دایک و باوکیان لەدەستداوە، بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.،وتی: بۆ هەندێک لەو منداڵانەی کە پاڵپشتیی خێزانییان لەدەستداوە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەوڵیان داوە جێگەی چاودێری و پاڵپشتی بگرنەوە و کەسانی پسپۆڕ بۆ یارمەتیدانیان دابین بکرێن، هەروەها لە دۆخەکانی جەنگدا زۆرێک لە منداڵان بێسەرپەرشت بوون، بریندار بوون و هەندێکیشیان گیانیان لەدەستدا، ئێمە بۆ زۆرێک لە منداڵان بووینە جێگرەوەی دایک و باوک و کەسانی پسپۆڕمان لە بواری دەروونی و پەروەردەییدا بۆ پاڵپشتیکردنیان هێنا.