شاندی دەم پارتی لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیمراڵی دەکات
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی زانیارییەکان، شاندی دەم پارتی (پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان، مەدحەت سەنجەر و پارێزە فایەق ئۆزگور ئەرۆل) دوایین جار لە ١٣ی ئەیلوول، سەردانی ئیمراڵییان کردبوو و ئەم سەردانە نوێیە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر کۆتا دیداری شاندەکەدا دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و وردەکاریی سەردانەکە ئاشکرا نەکراون.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دەم پارتی لە ڕێگەی هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەی، تونجەر باقرخانەوە ڕایگەیاند، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێگەکەی لە زیندانی ئیمراڵی گۆڕیوە و هاوکات سکرتارێتییەکەشی بەهێز کراوە.
هاوکات ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە کۆتا دیداری خێزانیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٨ی تشرینی دووەم ئەنجام درا؛ لەو دیدارەدا عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و برازای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی (حەوا ئێڵچین خوارز و حاجی ئایدن ئۆجالانی ئامۆزای ڕێبەر) لە دوورگەی ئیمراڵی چاویان پێی کەوتبوو و دواتریش وێنەیەکی نوێی ئەو دیدارە خێزانییە بڵاوکرایەوە.