"ڕۆژئاوای کوردستان هەرگیز تەنها نییە و ئێمە لە گەڵیانداین''

ژنانی باشووری کوردستان دەڵێن: دەوڵەتانی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی داگیرکاری و لە ناوبردنی ژنان دەدەن، بەڵام ئێمەی ژنان لە ڕێگەی بەرخۆدان و ڕێپێوانەکانەوە دژ بە داگیرکاری دەوەستینەوە.

شیا کۆیی

 

کۆیە- لە مێژە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە دەرکەوتووە، کە تێدا ژنان بوونەتە هێزی سەرەکی خەبات و بەرخۆدان، هەروەها ئەم شۆڕشە تەنها بۆ گۆڕانکاری سیاسی نەبوو، بەڵکو بۆ پاراستنی ماف و ئازادی و ناسنامەی ژنانیش بوو، هەروەها لە ٦ی کانوونی دووەمەوە هێرشەکانی گروپە جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ''شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید'' لە حەلەب دەستیپێکرد، کە شەڕڤانان پارێزگاریان لە خاک و گەڕەکی خۆیان کرد، هەروەها شەوی ١٠ی کانوونی دووەم ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، ئاگربەستێکی کاتی و ناتەواویان لە ناوچە گەمارۆدراوەکاندا ڕاگەیاند، کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەو بڕیارە لە پێناو ئاسانکردنی باری مرۆیی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان دراوە، هەروەها ژنانی باشووری کوردستانیش بە شێوەیەکی دیار و بەردەوام پشتگیریان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کردووە.

 

''قسەی ئەو مامۆستا ئاینییە ڕەت دەکەمەوە و وەک ژنێک خۆم سکاڵای لەسەر دەنووسم''

ئەفسانە ئاڵەشین، دانیشتوی شاری کۆیە، وتی: من وەک ژنێکی گەنجی ڕۆژهەڵات، خۆم بە بەر پرسیار دەزانم بەرامبەر بە ''ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور، باشور''، سەبارەت بەو بارودۆخەی ئێستا ڕۆژئاوای گرتۆتەوە، هەموومان لە گەڵیانداین و بەتەنها جێیان ناهێڵێن.

 

وتیشی: نەک ئێستا بەڵکو لەسەردەمی قەدەم خێر و مەستورە ئەردەڵانەوە، ژنی شۆڕشگێڕمان هەبووە، هەروەها  لەناو ئێمەی کورد ژن هەمیشە بەشدار بووە لە شەڕەکاندا و لەسەردەمی ڕژێمدا وەک پێشمەرگە و بێ جیاوازی لەگەڵ پیاودا شەڕی کردووە، بۆیە ژنانی ئێمە هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، تەنانەت ئەگەر لەشەڕیشدا دانەبوبێت پشتیوانی پیاوەکەی کردووە و سەنگەری بەجێ نەهێشتووە، بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشت بۆ کەسوکاری لە مەیدانی خەباتدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا سەبارەت بە قسەی ئەوانەی دەڵێن ژن نابێت لەبەرەی جەنگ بێت، وتی: من ئەو قسەیە ڕەتدەکەمەوە، هەروەها ئەو ژنە گەنجە شەڕڤانەی کە قەناس بەدەستبوو دوای شەڕێکی سەخت تا بەردەست دووژمنانی نەکەوێت دواین فیشەکی لەخۆیدا، بەڵام دووژمن لێی تۆقیبوو، بەجۆرێک تەنانەت لەتەرمەکەشی ترسا ،بۆیە لە سەرباڵەخانەیەک فڕێیان دایە خوارەوە، لەبەرئەوە قسەی ئەو مامۆستا ئاینییە ڕەت دەکەمەوە و وەک ژنێک خۆم سکاڵای لەسەر دەنووسم تا دادگای هەرێمی کوردستان دادگایی بکات.

 

''من دەڵێم خەبات هەر بەردەوامە و کورد نانەوێ''

پەیمان عەبدولڕەزاق، شاعیر و نووسەر لەشاری کۆیە سەبارەت بەو جەنگەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە ڕۆژئاوا، وتی: کاتێک ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی گەڕەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسودمان بینی ناخی هەموومان هەژا، هەروەها هەڵدانەخوارەوەی کچە شەڕڤانێکی کورد لەباڵەخانەیەک ئەوپەڕی نا مرۆڤانەیە و سەرکۆنەی دەکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: خۆم لەساڵی هەشتاکانەوە بەشداری شۆڕشم کردووە و چەکم هەڵگرتووە، بەجۆرێک ئێمەی ژنان لە هەموو بارودۆخێکدا ئامادەبووین، بۆیە نابێت جیاکاری بکرێت و پیاویش ناتوانێت بەتەنها ئەو بارە هەڵبگرێت، بۆیە من دەڵێم خەبات هەر بەردەوامە و کورد نانەوێت.