ژیانی هاوڵاتیان بە هۆی گەندەڵیکردن لە کەرتی تەندروستیدا لە مەترسیدایە
دوابەدوای ئاشکراکردنی گەندەڵیەکانی حکومەت لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا، دکتۆر باخان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەر دەکرێت، لە دووای ئازادکردنی و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باس لە شێوازی دەستگیرکردن و ئەو گەندەڵیانە دەکات کە حکومەت دەیکات، داواش لە سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بێنە سەر خەت و نەهێڵن مافی هاوڵاتی و دکتۆرێک لەناوبچێت.
ناوەندی هەواڵ
لە دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٧ی نیسانی ئەمساڵ، دکتۆر باخان ئازاد لەڕێی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی باسی لەو گەندەڵی و دزیکردنانە کرد کە لە نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجەدا ڕوویانداوە و ئاماژەی بەوەدا دەرمانی بەسەرچوو دەدرێتە هاوڵاتیانی هەڵەبجە.
دکتۆر باخان بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی بووەتە پزیشکێکی پەراوێزخراو، هەروەها لە ٣١ی ئابدا لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە لە نزیک مزگەوتی حاجی محەمەدی شاری سلێمانی هێرشکراوەتە سەری و دەستگیر کراوە.
بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم بنکەی ئاسایشی ئەزمەڕ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەوەی خستە ڕوو، لە کاتێکدا هێرشکراوەتە سەری لە ترافیکدا وەستاوە و ترافیکەکە سوور بووە، بە بێ گوێدانە هیچ شتێک بەسەر سەیارەکەیاندا داوە تا دایبەزێنن و دەستگیری بکەن، دەشڵێت "بە شێوەیەک هێرشیان کردە سەرم وام دەزانی کەسێکم کوشتووە یاخود کارم بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە".
باخان لە قسەکانیدا وتی "پێمان وابوو ئاسایش و ئەمنیەتی ئێمە بۆ پاراستنی هاوڵاتی و ئەو کەسانەیە کە بەرگری لە ماف و تەندروستی گشتی دەکەن، نەمانزانی پارێزگاری لەوانە دەکات کە ژیان و ئاسایشی خەڵکیان خستووەتە مەترسیەوە، وتیشی پێشتر بانگیان کردووە و نوسراویان پێ پڕکردووەتەوە، لە ئاست ئەو گەندەڵیانەدا بێدەنگ بێت هەروەها چاودێری خراوەتە سەر مۆبایل و ئەکاونتە تایبەتیەکانی تا بزانن پەیوەندی لەگەڵ کێدا هەیە و بە چیەوە سەرقاڵە.
ئەو دکتۆرە وتیشی دادوەر بڕیاری زیندانی تاکەکەسی بۆداوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەخێ نەرکاوە و کراوەتە ناو زیندانی گشتییەوە، ئەم کارەشی بە "ترساندن و شکاندنی نەفس" بەناو کرد، باخان ئازاد لە ماوەی ڕابردوودا گەندەڵیەکانی بە بەڵگەوە ئاشکراکرد و باسی لەو پارە زیادانە کردووە کە بە بیانووی کڕینی ئامێر دزراون وە دەڵێت کێ باوەڕ ناکات با بچێت سەیری ڕاپۆرتەکانی چاودێری دارای بکات و بچێتە ناو بزاڕەکانیش بۆ زانینی نرخی ڕاستەقینەی ئەو ئامێرانە.
لە کۆتایدا دەڵێت: "مەترسی لەسەر ژیانم هەیە، داوا لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی دەکەم پشتیوانیم بکەن ببینن کە دکتۆرێک چۆن سوکایەتی پێدەکرێت، با وەک کەیسی ئامانج بابانی کامێرەکان نەسڕنەوە و ڕووداوەکە پەردە پۆش بکەن".
ت.پ