ڕۆژی جیهانی کولتووری تێبو... میراسێکی زیندوو کە ئێستا لە باوەش دەگرێت

مونا واردقۆ تیشکی خستە سەر کولتووری تێبو وەک ناسنامەیەکی قووڵی ڕەگداکوتاو و زمانێکی زیندوو و داب و نەریتی میراسی، جەختی لەوە کردەوە، کە پیرۆزکردنی وەک میراس لە لەناوچوون و پەراوێزخستن دەپارێزێت.

مونا تۆکا

 

لیبیا- لە ١٥ی ئەیلولدا، تێبوەکان ڕۆژی جیهانی کولتووری تێبو پیرۆز دەکەن، کە ڕۆژێکی هێماسازی گەورەیە لە باشووری لیبیا و بە درێژای ئامادەبوونیان لە وڵاتانی دراوسێی وەک چاد، نیجەر و سودان، بۆ تێبوەکان ئەم ڕۆژە تەنها بۆنەیەکی تێپەڕ نییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و میراس و ڕۆڵی بەردەوامی خێڵەکیە لە پاراستنی داب و نەریت و زمانەکەی لە لەناوچوون.

 

مونا واردقۆ، کارمەندی ناوەندی نیشتمانی بۆ میراسی باو لە سەبها و بەشی مۆزەخانە، ئەمڕۆ بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ تیشک خستنە سەر کولتووری تێبو، وتی: ئەمڕۆ دەرفەتێکە بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر ئەوەی کە ئێمە کێین و کولتوورەکەمان نوێنەرایەتی چی دەکات لە ڕووی داب و نەریت و شوناسەوە، ئاهەنگگێڕان بە کولتوور تەنها بۆنەیەکی ڕەمزی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی زمان و نەریتەکانمان لە لەدەستدان و لەناوچوون.

 

مونا واردقۆ کە پێشتر بەشداری لە چەندین بۆنەی میراسیدا کردووە، ڕوونیکردووەتەوە: کە تێبوەکان ئامادەیییەکی جوگرافی و کولتووری گەورەیان هەیە، لە باشووری لیبیاوە تا وڵاتانی دراوسێ درێژدەبێتەوە، تەبوەکان لە ناوچەکانی وەک مرزق، قەترون، کەفرە، تزربو، و شارۆچکەی سنووری لەندەن بوونیان هەیە، ئەوان داب و نەریتی جیاوازیان هەیە کە کەمێک جیاوازن لە خێڵەکانی تری لیبیا، جا چ لە ڕووی جلوبەرگ، موزیک، یان داب و نەریتی نەتەوەی بێت، ئەم تایبەتمەندییە ناسنامەیەکی جیاوازی خۆی بە هەر کۆمەڵگەیەکی تێبو دەبەخشێت، سەرەڕای لێکچوون لەگەڵ هاوتاکانیان لەوڵاتانی دراوسێ.

 

"زمانی تێبو: بڕبڕەی پشتی ناسنامە"

زمانی تێبو تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە؛ هێمای ناسنامە و ئامرازی پەیوەندی نێوان نەوەکانە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەوان حەز دەکەن بە زمانی تێبو لە شوێنە گشتی و تایبەتەکاندا قسە بکەن، هەروەها فێری منداڵانی بچووکی دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوامییەکەی مسۆگەر بکەن، ئەمڕۆ بووەتە بابەتێکی سەرەکی لە خوێندنگەکانی لیبیا، کە فێری نەوە نوێیەکان دەکات، کە چۆن ناسنامەی کولتووری خۆیان بپارێزن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پاراستنی زمانی تێبو میراس و نەریتەکان دەپارێزێت، هەروەها ئەو بەستەرەیەی کە ئێمە بە باوباپیرانمانەوە دەبەستێتەوە و ڕەسەنایەتی ناسنامەی تێبومان دووپاتدەکاتەوە، بەبێ زمانەکە، داب و نەریتەکان دەبنە تەنها یادەوەری تێپەڕبوو.

 

"هاوسەرگیری و جیابوونەوە... داب و نەریتی میراس"

داب و نەریتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ناو تێبودا بە پایەی شوناسی کولتووری دادەنرێت و هەڵگری هێمایەکی کۆمەڵایەتی قووڵن، کە یەکێک لە داب و نەریتە دێرینەکانمان ئەوەیە کە تا نەوەی حەوتەم هاوسەرگیری لەگەڵ خزمەکان نەکەین، چ لەلای باوک یان دایک، ئەم نەریتە خێزانەکان لە دەستوەردانی خێزان دەپارێزێت و گوزارشت لە زانای باوباپیرانمان دەکات لە ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

 

سەبارەت بە جیابوونەوە، مونا واردقۆ، وتی: ژنانی تێبو بە گۆرانی و سەماکردن لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیان ئاهەنگی جیابوونەوەی خۆیان دەگێڕن، بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە ژیانیان وابەستەی هاوسەرگیری پێشوویان نەبووە و دەرفەتەکان کۆتای نەهاتووە.

 

جل و بەرگی نەریتی

جل و بەرگی نەریتی تەنها ڕازاندنەوەیەک نییە، بەڵکو هێمای ناسنامە و جیاوازی نێوان گروپە تەمەنییەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکانە، هەروەها ژنانی خێزاندار لە بۆنە تایبەتەکاندا بۆ دووپاتکردنەوەی ناسنامەکەیان جلی 'ملحفە' لەبەر دەکەن، ژنانی بێ هاوژین جلی 'برنا برنا' لەبەر دەکەن، کە جیایان دەکاتەوە لە ژنانی خێزاندار، ئەم داب و نەریتە لە باوباپیرانمانەوە تا ئێستا بەردەوام بووە، کە خزمەت بە چەسپاندنی سەربەخۆی و جیاوازی کولتووری دەکات بە شێوەیەکی شارستانی.

 

هونەر و ئاهەنگەکان

هونەرە نەریتییەکانی تێبو، بە وتەی مونا واردقۆ، ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و جوانکارییان هەیە، نەقارە و کیدی هونەری پیاوانە، لە کاتێکدا هیمی هونەرێکی ژنانە، لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە تایبەتەکانی دیکەدایە، خاڵۆژن یان خاڵۆزایەکی دایکی دەست بە گۆرانی وتن دەکات، باقی ژنانیش بە کۆمەڵ بەشداری دەکەن، بە سەما و گۆرانی تایبەت بە هەر هونەرێک، ئەم نەریتە ڕەنگدانەوەی یەکگرتوی کۆمەڵگەیە و تیشک دەخاتە سەر بەهای ژن و هونەر لە ئاهەنگەکاندا.

 

ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەکان، چ زەماوەند بێت یان جیابوونەوە، شوێنێک بۆ ژنانی تێبو دەڕەخسێنێت، بۆ دەربڕینی هێز و ئازادی کەسیی خۆیان، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی قووڵی خێڵەکەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژیان و کۆمەڵگەدا.

 

"بەڵگەنامە و دەستپێشخەری"

مونا واردقۆ، وتی: دەزگا و هەوڵی بەردەوامی هەیە بۆ بەڵگەکردنی کولتووری تێبو، وەک ناوەندی توێژینەوەی تێبو لە تەرابلوس، کۆمەڵەی کوڕانی بیابان لە مرزق، و کۆمەڵەی لیبیا بۆ کولتووری تێبو لە قاەترون، هەموویان پێشانگا و وۆرکشۆپ ڕێکدەخەن و پەرتوک بڵاودەکەنەوە و زمانی تێبو لە خوێندنگەکان فێر دەکەن، کە هەموو ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی دەستپێشخەری خۆییەوە ئەنجام دەدرێن و بەبێ پشتیوانی فەرمی، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی کۆمەڵگەی مەدەنیە بە پاراستنی میراسەوە،

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سەرەڕای ئەم هەوڵانە، کولتووری تێبو ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبێتەوە، وتی: گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیای سەردەم تەحەدایەکی بەرچاو بۆ پاراستنی زمان و داب و نەریتی دروست دەکەن، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە سازدانی فێستیڤاڵ و پێشانگا و بەڵگەنامە و پەروەردە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کولتووری تێبو وەک بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی لیبیا دەمێنێتەوە، هاوکات پارێزگاری لە هەمەجۆری و جیاوازییەکانی نێوان خێڵەکان دەکەین.

 

مونا واردقۆ لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد: ئەمڕۆ دەرفەتێکە بۆ ئاهەنگگێڕان بە ناسنامە و فرەچەشنی، هەروەها بانگهێشتی هەموو لایەک دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵمان ئاهەنگ بگێڕن، تێبوەکان بەشێکن لە کۆمەڵگەی لیبیا، و جیاوازی کولتووری دەبێت بەهایەکی زیادە بێت کە هەمەجۆری وڵاتەکەمان بپارێزێت و دووپاتی بکاتەوە کە هەر خێڵێک خاوەنی ناسنامە و دەوڵەمەندییەکی دیاریکراوی خۆیەتی.

 

تێبو ناسنامە: ڕابردوو و ئێستا

داب و نەریت و جلوبەرگ و هونەر و زمان: کولتووری تێبو وەک بەهایەکی زیندوو و نوێکەرەوە دەمێنێتەوە، بە ئاهەنگگێڕان بەم ڕۆژە نێودەوڵەتییە تەنها بۆنەیەکی هێمای نییە بۆ تێبو، بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ بیرکردنەوە لە چۆنیەتی پاراستنی میراس لە سەردەمی جیهانگیری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا، نیشان دەدات کە ناسنامەی ڕاستەقینە ڕەگ و ڕیشەی لە خۆناسین و مێژوو و زمان و نەریتەکاندا هەیە.

 

ئەمڕۆ لە ڕێگەی ئاهەنگ و فێستیڤاڵ و چالاکییە پەروەردەییەکانەوە، تێبوەکان خەریکی چەسپاندنی ناسنامەی خۆیانن و دڵنیابوون لە بەردەوامی میراتسەکانیان وەک بەشێکی کارا لە پەیکەری نەتەوەی لیبیا، پاراستنی تایبەتمەندی خۆیان و بەشداریکردن لە فرەچەشنی دەوڵەمەندی کولتووری وڵاتەکەدا.