ڕۆژی جیهانی برایل، رۆژێک تایبەت بە نابینایان

برایل نوسینێکی تایبەت بە نابینایان، کە بە هۆی ئەو نوسینەوە فێری نوسین و خوێندن دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بە دروشمی بینین لە پەنجەکانەوە و خزمەت بە داهێناوەنەوە لە مەراسیمێکی تایبەتدا یادی ڕۆژی جیهانی نوسینی (برایل)یان کردەوە، کە نوسینێکی تایبەتە بە نابینایان و ئەتوانن لە ڕێگەیەوە فێری خوێنەواری و نوسین ببن.

لە مەڕاسیمەکەدا ئەوە خرایە ڕوو کە نابینایان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان وەک هەموو کەس مافی خوێندن و بوون بە کەسی سەرکەوتوویان هەیە بۆ ئەم مەبەستەش و لە میانەی مەڕاسیمەکەدا چەندین چالاکی جیاواز و خوێندنەوەی پەرتوک و چڕینی شعر لەلایەن (کەنار بێباک)، وتنی گۆرانی لە لایەن (کارزان سەعید و شارا محەمەد) پێشکەشکرا.

کەنار بێباک، ڕاگەیاندنکار و هونەرمەند بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی برایل بەم شێوەیە بۆ ژنها دووا، "بۆ ئێمەی نابینایان ئەمرۆ ڕۆژێکی گرنگە چەنکە لە ڕێگەی ئەو نوسینەوە ئێمە بە خوێنەوار هەژمار دەکرێین و بۆ کارەکانی ڕۆژانەمان بەکاری دەهێنین و بێبەش نەبووین لە خۆڕۆشنبیر کردن کە خوێندنەوە و نوسینە هەروەها ئاماژەی بەوە کردن کە قۆناغەکانی خوێندنی ژیانی و میدیای بەم نوسینە تەواو کردووە .

نیشاندانی کاری دەستی لەلایەن خانمانەوە بەشێکی تری مەڕاسیمەکە بوو، داهێنانێکی تایبەت بە نابینایان لە لایەن داهێنەر سەروەت عێزەت-ەوە بەرهەمهێنراوە و لە مەراسیمەکەدا خرایە ڕوو کە ڕۆبۆتێکی دەنگی و کێشانەی تایبەتە بە نابینایان.

ڕێژنە ڕێبوار، خاوەن پێداویستی تایبەت و نابینا دەربارەی کارە دەستیەکانی خۆی دەڵێت، "بۆ ئێمەی نابینایان قورسە بتوانین کاری دەستی بکەین بەڵام کە خولیات بۆ کارەکە هەبێت کارەکە ئاسان دەبێت، تەنیا پێویستی بە بڕوا بەخۆبوونە.

لەم ڕۆژەدا نابیستان وەک پاڵپشتێک بۆ نابینایان بەشداریان لە مەڕاسیمەکەدا کردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش بەهار مەحمود وەرگێڕی نابیستان دەڵێت، "بەناوی خۆم و سەرجەم نابیستەکانەوە پیرۆزبای لە نابینایان دەکەین بە هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەموویان، با نابیستەکانیش بێبەش نەبن لە تێگەیشتن لەم جۆرە مەڕاسیمانەوە و من وەک وەرگێڕێک چەن ساڵە ئەم ئێشە دەکەم.

لە کۆتای مەڕاسیمەکەشدا دابەشکردنی خەڵات بەسەر خێرخوازان و ڕاگەیاندکارەکاندا دابەشکرا.

 

 

ت.پ