"بیرو تێڕوانینی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە هێڵی سوورە"
خۆخێ دەخیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شنگال، پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی بوونی گەلی کورد هەڵسەنگاندو وتی: ڕێبەر ئاپۆ ڕێگای ڕاستە بۆ ئێمە بۆ خەبات و چارەنووسی خۆمان.
شنگال
٩ی تشرینی یەکەم، ٢٨ ساڵەی دەستپێکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەمڕۆ لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، گەل بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە شەقامەکاندا دەنگ بەرز دەکەنەوە.
لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ پیلانگێڕی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئینگلتەرا ئامانجی لەناوبردنی ع ڕێبەری گەلی کورد بوو. کاتێک ئەمە شکستی هێنا، ئەمجارەیان ئەو پرۆسەیە کە تا ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بەردەوام بوو، بە گرتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد و کۆتایی هات.
هێزە پیلانگێڕەکان ویستیان تەڤگەری ئازادی لە کەسایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەناوببەن و پرسی کورد بە بێ چارەسەر بهێڵنەوە، وەک دەزانرێت ڕێبەری گەلی کورد هەمیشە بەدوای ڕێگایەکدا بوو بۆ ئەوەی خەباتی چەکداری بکاتە خەباتی سیاسی، هەر بۆیە ویستی ڕوو لە ئەوروپا بکات، هێزە پیلانگێڕەکان دەیانویست پرسی کورد بە بێ چارەسەری بهێڵنەوە تا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن و شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بکەنەوە.
یەکێک لەو پێکهاتانەی کە زۆرترین بیرو تێڕوانینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە باوەش دەگرێت، پێکهاتەی ئێزیدییە. چونکە کۆمەڵگەی ئێزیدی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەک فریادڕەسی خۆیان دەبینن، لە ٩ی تشرینی یەکەم هەست و بیری خۆیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد دەردەبڕن. هەروەها ڕزگاری و ئازادی خۆیان لە ئازادی ڕێبەردا دەبینن.
"بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، دەیانویست بەرخۆدانی ئێزدییەکان لە کەسایەتیی ڕێبەردا بشکێنن"
خۆخێ دەخیل وتی: ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٨ ساڵە لە پڕۆسەی ١٩٩٨ تا ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە چوار دیواردایە، بەڵام لە سایەی خەباتی بێهاوتای گەل و ڕێبەر، ئەم پلانگێڕییە تا ئێستا بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە و بەردەوام بوو، لە ٩ی تشرینی یەکەم زۆر ڕووداوی ئازاربەخش بەسەر ئێمەدا هات، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هێرشیان کردە سەر سەرێکانی، ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لە نێوان بەغدا و هەولێر دژی ئێزدییەکان واژۆ کرا ئەوان لە کەسایەتیی ڕێبەردا هێرش دەکەنە سەر گەل.
خۆخێ دەخیل سەرنجی بۆ مێژووی ٩ی تشرینی یەکەم ڕاکێشاو وتی: کاتێک ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لەسەر شنگال جێبەجێ کرا، دەیانویست بەرخۆدان و خەباتی پێکهاتەی ئێزدی لە کەسایەتی ڕێبەردا بشکێنن، بێ ئیرادەیان بکەن و بێ ماف بمێننەوە. بەڵام لە سایەی خەبات و بەرخۆدانی ژنان و گەنجانی ئێزدی، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوو.
"ڕێبەر ئاپۆ ڕێگای ڕاستی خەبات و شوناسە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدیمان"
خۆخێ دەخیل ڕایگەیاند کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەرە بۆ پێکهاتەی ئێزدی و وتی: ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزدی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێبەرمان دەبینین، بۆ ئێمە ڕێگای ڕاستی خەبات و ناسنامەیە، هەروەک چۆن بوونی ئێمە و ناسنامە و ئێزدی بوونمان وەک کۆمەڵگەی ئێزیدی هێڵی سوورە، بیری ڕێبەریش بۆ ئێمە هێڵی سوورن. بۆیە خەباتمان بەردەوام دەبێت تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر بەدەست دێت.
"لە سایەی ڕێبەردا، کۆمەڵگەی ئێزدی لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەیی و سەربازییەوە بەرگری لە خۆی دەکات"
لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی کە بە خەبات و بەرخۆدانی گەورەیان بەدەستهێناوە، خۆخێ دەخیل وتی: ڕێبەر دەڵێت "دەبێت پێکهاتەی ئێزدی خۆی بەڕێوەببات، خۆی بپارێزێت، چونکە ئەم دەستکەوتانە لە ساڵی ٢٠١٤دا نەبوون، کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوون"، ئەمڕۆش بە سوپاسەوە بۆڕێبەر، کۆمەڵگەی ئێزدی لە ڕووی سیاسییەوە لە ڕووی ڕێکخراوەیی و سەربازییەوە، خۆی دەپارێزێت.
خوخێ دەخیل لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە گرنگی شاخەکانی شنگال کرد و لە کۆتاییدا وتی: شاخەکانی ئێمە هێلانەی کۆمەڵگەی ئێزدیمانن، لە بەرامبەر هەموو فەرمانێکدا پێکهاتەی ئێزدی لە چیاکان خۆی دەپارێزێت، بەرەنگاری بووەوە و تا ئەمڕۆش بەم شێوەیە درێژەی بە بوونی خۆی داوە، ئێمە ڕێگە بە هیچ کەسێک و هێزێک نادەین دەست لە هێلانەکەی کۆمەڵگەی ئێزدی بخات. بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی، شاخی شنگال هێڵێکی سوورە.