تەرمی ئەڤین گۆیی بەسەر شانی ژنانەوە کۆتا ماڵئاوایی لێکرا

لە قەندیل بە وتنەوەی دروشمی "ئەڤین ژیانە" و بەسەر شانی ژنانەوە تەرمی ئەڤین گۆیی برایە گۆڕستانی شەهیدان و بە خاک سپێردرا.

قەندیل

 

دوای بەڕێکردنی تەرمی شەهید ئەڤین گۆیی لە شاری سلێمانییەوە بۆ بناری قەندیل، لە مەراسیمێکی جەماوەرییدا و بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسونگور بەخاکسپێردرا.

 

بەیانی ئەمڕۆ تەرمی شەهید ئەڤین گۆیی، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلییەوە بە مەراسیمێکی جەماوەریی و بە کەژاوەیەکی گەورەی ئۆتۆمبێل بەڕێکرا بۆ بناری قەندیل.

 

هەزاران کەس بە لە توێژە جیاجیاکان و ژنان بەتایبەت بە وتنەوەی دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەهید نامرێ" و "بمرێ خیانەت" بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد و یاوەریی تەرمی شەهیدیان کرد بۆ بناری قەندیل.

 

دوای گەیشتنی تەرمی شەهید بۆ بناری قەندیل، لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسونگور مەراسیمێک ڕێکخرا و لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادی، فیلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور، مەلا زەکی، وتاری جڤاکی ئیسلامی، ئیبراهیم حاجی برای ئەڤین گۆیی لەسەر بنەماڵەی شەهید وتاریان پێشكەشکرد و ئاماژەیان بە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کۆمەڵکوژییەکانی سەر کۆمەڵگەی کوردی و ژنان کرد، جەختیان کردەوە کە، "چەندە فشار و کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر گەلی کورد زیادبکرێت، هێندە بەرخۆدانی تەشەنە دەسەنێت و ڕێگەی هەڤاڵ ئەڤین بە زیندووی دەهێڵنەوە.

 

پاشان تەرمی شەهید ئەڤین گۆیی لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسونگور بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرن، ئەڤین ژیانە" بە خاک سپێردرا.