ژنێکی گەنج لە ئیدلب کوژرا

لە نێوان بڵاوبوونەوەی خاڵە پشکنینە نایاساییەکان و بۆشایی ئاسایشی باو لە ئیدلب، ژنێکی گەنج کوژرا و براکەشی بریندار بوو، کە لەکاتی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلەکەیان لەسەر ڕێگای دانا-ترمانین لە گوندەکانی ئیدلب، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەیان لێکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپی جیهادی هەتەشەوە کۆنترۆڵکراون، بۆشایی ئاسایشی پەرەسەندووە، کە تایبەتمەندە بە بڵاوبوونەوەی خاڵە پشکنینە نایاساییەکان، تیرۆرکردن و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی فرەیی گروپە چەکدارەکان و نەبوونی ئاسایشە، کە ژیانی دانیشتووان دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی کانونی یەکەم، لە ئیدلب، ژنێکی گەنج و براکەی لەکاتی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلەکەیان لەسەر ڕێگای دانا-ترمانین، تەقەیان لێکرا، بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، ژنە گەنجەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، براکەشی بەسەختی برینداربووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک بۆ چارەسەرکردن.

 

بەپێی زانیارییەکان، کەسە نەناسراوەکان بازگەیەکیان لە نێوان ترمانین و ئەرحاب لە حەلەب داناوە و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە، تا ئێستا ناسنامەی تاوانباران نادیارە.

 

ئیدلب و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری ڕۆژئاوای سووریا، کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەتەشەدان تووشی پەرەسەندنی ناسەقامگیری ئاسایشی بوونەتەوە، هەروەها خاڵی پشکنینی نایاسایی لەلایەن گروپە چەکدارە جیاوازەکانەوە دروستکراون، لەنێویاندا هەندێکیان سەر بە ڕێکخراوە توندڕەوەکانن بە شێوەیەکی بەرفراوان.

 

ئەم دۆخە زیاتر هاتووچۆی مەدەنییەکان بەرتەسک دەکاتەوە و مەترسییەکانی سەر ژیانیان زیاد دەکات، ئەمەش لە نێوان نەبوونی ڕوون و ئاشکرای دەسەڵاتێکی یەکگرتووە کە توانای پاراستنی ئاسایشی هەبێت.