ژنێک لە سەیدسادق کوژرا

لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە ژنێکی ١٥ ساڵ، بە شێوەیەکی گوماناویی کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان بەهۆی حەقڵیەتی پیاوسالاری بەردەوامی هەیەو لە باشووری کوردستان لە ڕووداوێکی نوێدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە کوژرا.

 

خێزاکەشی وتوویانە: گوایە لەلایەن باوکییەوە بە هەڵە فیشەکی لەدەست دەرچووە و بەرکەوتووە و کوژراوەو لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، ٢٦ی شوبات، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی خەبات، ژنێک لەسەر پردی کۆن کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش ڕووداوەکە، دەمەقاڵێ لە نێوان ژنەکە و سەرنشینێکی ناو ئۆتۆمبێلێکی تەکسی ڕوویداوە.

 

٣ی شوبات؛  لە گوندی تاسلوجەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ژنیکی گەنج بەدەستی براکەی بە فیشەک کوژرا، هەروەها لە ٢ی شوبات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا،  لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.

 

 تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.