ژنێک لە لایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ژنێک لە جوانڕۆ لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە تێزاب سووتێنرا، بە هۆی سووتاوییەکەیەوە ژنەکە چاوێکی لەدەستداوە و هەر دوو دەستی منداڵەکەشی سووتاوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی سووتاندنی ژنێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، ژنێکی کورد بە ناوی مێهری عەبدولقادری تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی جوانڕۆ لە سنووری هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە تێزاب سووتێندرا و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە و چاوێکی لەدەستداوە، لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە، هەروەها لە کاتی ڕووداوەکە هەر دوو دەستی منداڵە تەمەن ٨ ساڵانەکەی لە هەوڵی یارمەتیدانی دایکیدا بە  سووتاون.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوژینەکەی بە ناوی یاوەر ساڵحی بە هۆکاری دڵپیسی تاوانەکەی ئەنجامداوە، لەبەر ئەوەی هاوژینەکەی داوای جیابوونەوەی کردووە.

 

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ١٠ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ٩  ژنیش ناچار بە خۆکوشتن کراون، لە ساڵی ڕابردووشدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ١٥٨ ژن کوژراون و هەروەها ١٦ هەزار و ٥٦٧ توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنان تۆمار کراوە.