ژنێک لە گەڕەکەکەیاندا دەفڕێندرێت
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی ژنێک لە لایەن گەنجێکەوە دەفڕێندرێت، لە ئێستاشدا گەنجەکە دەستگیرکراوە
.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شاری سلێمانی ڕایگەیاند ئاگادار کراونەتەوە لە لایەن خێزانی ژنێکی گەنجەوە، کە بە مەبەستی کڕینی پیداویستی چۆتە دەرەوەی ماڵ و نەگەڕاوەتەوە، بۆیە هەر زوو سەرجەم بنکەکانی سنوری پۆلیسی سلێمانی خرانە ئەرکەوە بۆ دۆزینەوەی ژنە گەنجەکە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر گەڕانەکانیان دەستپێکرد و هەر هەمان ڕۆژ لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامری ژنە گەنجەکەی بێهۆش کردووە و فڕاندوویەتی و دواتر لە نزیک شەقامی ١٠٠ مەتری شاری سلێمانی فڕێی داوە.
بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارەکە ناوی (ش. ئـ. ع) لە دایکبووی ساڵی ١٩٩١، بە پێی ماددەی ٤٢١ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.
دوای دۆزینەوەی ژنە گەنجەکەش لەلایەن پۆلیسەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری چارەسەری پزیشکیدایە.
ت.پ