ژنانی زیندانی ئەڤین ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

ژنە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ئەڤین لە ناویاندا نێرگس محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە زیندانی ئەمنی باڵای ئەڤین لە تارانی پایتەختی ئێران، کە زیندانیانی سیاسی تێیدا ڕاگیراون، لەناویاندا نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ٢٠٢٣ کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستبەسەرە، زیندانییە سیاسییە ژنەکان، لە کاتژمێرەکانی شەودا لە ٢٧ی تەمووز ئامادە نەبوون بچنە ناو زیندانەکانیانەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی کە لە ٢٣ی تەمووزدا بەسەریدا سەپێندرا.

 

بانگی پشتیوانی

نێرگس محەمەدی لە ٢٤ی تەمووزدا، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، داوای پشتیوانی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی کرد و وتی: ژنانی زیندانی ئەڤین بە یەک دەنگ ئەمە دەڵێن؛ ئێمە دەمانەوێت دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕابگیرێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین دەنگی خۆیان لەگەڵ زیندانییە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان هەبێت.