ژنانی زیندانی لە لیبیا مانیان لە خواردن گرتووە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لیبیا بە ناوی التضامن، نیگەرانی خۆی دەربارەی ڕەوشی زیندانیانی زیندانێکی سەر بە گروپەکانی الردع لە تەرابلوس دەربڕیوە بە تایبەت کە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی التضامن کە ڕۆژی هەینی بڵاویکردۆتەوە باس لەوە دەکات ژنانی زیندانی لە زیندانەکانی سەر بە گروپی الردع لە تەرابلوس سەرەڕای ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا نەسەلمێنراوە، بەڵام دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرنەکردوون، لەهەمان کاتدا بەرپرسانی زیندانەکەش بەرپرسن لە ئازاد نەکردنیان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە "نازانرێت لە زیندانەکەدا چەند کەس زیندانی کراون، شوێنیشیان نەزانراوە، هەروەها ڕێگا نادرێت هیچ دەستەیەکی سەربەخۆ، نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی سەردانی زیندانەکە بکەن" تەنانەت ڕێگا لە کۆمەڵەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیاش گیراوە بۆ سەردانیکردنی زیندانەکە.

بە پێی ڕاپۆرتی نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زیندانی معیتیقە نزیکەی ٣٦٠٠ کە زیندانی کراون کە ژن و منداڵیشی تێدایە.

رێکخراوی التضامن ئاماژەشی بەوە داوە، لە زیندانی ژناندا گرنگی نەدراوە بە دانانی پاسەوانی ژن و دەستگیرکراوان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی دەبنەوە، سەرباری ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاویش دەکرێنەوە لە لایەن مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان کە بە بەڵگە و دۆکیومێنت کراوی لە لایانە، داوایان لە دەسەڵاتداران کردووە بۆ راستکردنەوەی ئەو بارودۆخە بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەکان لە لایەن حکومەت و ئەنجومەنەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە نییە.

 

چالاکوانانیش جەختیان لەوە کردەوە کە گروپەکانی الردع-ی سەر بە حکومەتی الوفاق، زیندانەکانی بنکە ئاسمانییەکان بەکاردەهێنن بۆ شاردنەوەی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکان، و بە هەزاران کەسی دانیشتووی لیبیا بە دەست پێشێلکاری و تاوانکاریی گروپە چەکدارەکانی لیبیاوە دەناڵێنن کە لە دوای ٢٠١١ و بەهاری عەرەبی لە لیبیا دروست بوون.

 

ت.پ