ژنانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر دەکەن
هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر، لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد و ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستانیش بەشداری هەڵمەتەکە بوون.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی ژنانی چالاکوانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆیان لە هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر خستەڕوو.
فاتم سەقزی بەیاننامەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا پشتیوانی لە هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر دەکەن، بە مەبەستی بە دادگا گەیاندنی ئەردۆغان لەسەر ١٠٠ کەیسی ژن و منداڵ کە لە دەرەوەی وڵات و کوردستان تیرۆرکراون یاخود لە ڕێی بۆردومانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها وتیشی: " پەلامار بۆ سەر چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان، ڕەوتێكی مەترسیداری گرتوەتە بەر و دەسەڵاتدارانی ئێران لەم چەند رۆژەی دواییدا، بە بەڕێخستنی شەپۆلێكی بەربڵاوی گرتن و ڕفاندن، لە ھەوڵی كپكردنی دەنگی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازیدایە كە لەم پەلامار و ھێرشانەشدا، دیسان ژنان كراونەتە ئامانج.
لە کۆتایشدا داوایان لە سەرجەم ژنانی چین و توێژە جیاوازەکان کرد لە هەر ناوچە و جێیەکن بەشداربن لەم هەڵمەتەدا تا بە یەکگرتووی ڕێگر بن لە درێژەدان بە سیاسەتی لەناوبردن و کۆیلەکردن.
ت.پ