ژنانی ئێزدی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە
ژنانی ئێزدی سەردانی سەرۆک کۆماری عێراقیان کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا بەرهەم ساڵح باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی دەستی داعش و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی ژنانی ڕزگاربوو کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ شاندێک لە ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدای پایتەخت کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە ئازایەتی ژنانی ئێزدی بەرامبەر داعش کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ژنانی ئێزدی کێشە و گرفتەکانیان خستەڕوو، هەروەها گفتوگۆیان دەربارەی گرنگی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی دەستی داعش و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی ئەو ژنانەی لە دەست داعش ڕزگارییان بووە، کرد، تا بتوانن جارێکی دیکە تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببنەوە.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی گفتۆکانیاندا باس لە هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و خستەگەڕی هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی چارەسنووی ئەو ژن و هاوڵاتییە ئێزدییانەی بێ سەروشوێن کرا.
ت.پ