ژنانی ئەمریکای لاتین بە پانێڵێک شۆڕشی ١٩ی تەمووزیان پیرۆز کرد
ژنانی ئابیا یالا "ئەمریکای لاتین" لە ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ڕۆژئاوادا پانێڵێکییان ئەنجام دا و سڵاوییان لە شۆڕشی ژنان کرد.

ناوەندی هەواڵ
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٥ شاندێکی چوار کەسی لە ئابیا یالا "ئەمریکای لاتین" سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد. شاندەکە بە نوێنەرایەتی تەڤگەرەکانی ژنان، سەرجەم دامەزراوە و ناوەندەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور ڕۆژهەڵاتی سوریایان بەسەرکردەوە. لەم سەردانانەدا پەیوەندی نێوان تێکۆشانی کورد و ئابیا یالا بەهێزتر بوو.
بە دەستپێشخەری شاندی ئابیا یالا لە ١٩ی تەمموز کاتژمێر ٢١:٠٠بەکاتی ئامەد پانێڵێکی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. سێ ئەندامی ئەو شاندەی کە سەردانی ڕۆژئاوایان کردبوو، باسیان لە گەشتەکەیان و ئەزموونەکانیان کرد کە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان دابوو. هەروەها ڕۆناهی حەسەن ئەندامی کۆنگرەی ستار بەشداری پانێڵەکەی کرد و لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا قسەی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ئەندامێکی ئەکادیمیای ژنولۆژی وتاری دەستپێکی پانێڵەکەی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە تێکۆشانی جیهانی ژنانی ئابیا یالا کرد و وتی: "١٣ساڵ بەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا تێدەپەڕێ و ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی ژنانە، شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆتە ڕووناکییەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بە هەوڵ و تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد، بەسەدان ڕێکخراو و ناوەندی ژنان گەشەیان کردووە و بە هەزاران ژنی نێونەتەوەیی ڕوویان لە ڕۆژئاوا کرد و لەگەڵ ئاگری شۆڕشدا یەکیانگرت، یەکێک لەو شۆڕشگێڕانە خەڵکی ئەرجەنتینە و لە سەردەمی شۆڕشدا شەهید بوو، ئەوە نیشانی دەدات کە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە جیهاندا چەندە کاریگەری هەیە."
هەروەها ژنانی بەشداربووی پانێڵەکە باسیان لە گرنگی تێکۆشانی ژنان لە دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتیک کرد و باس لە ئەزموونی گوندی ژنواریش کرا. شاندی ڕۆژئاواش باسیان لە کاریگەرییەکانی سەردانەکەیان بۆ ڕۆژئاوا کرد. هاوکات ئاماژە بە پڕۆسەی دروستکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرا.
لە پانێڵەکەدا کلۆدیا کۆرۆل ئاماژەی بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە پێکهێنانی ڕۆژئاوا کرد و وتی: "شۆڕشی ڕۆژئاوا بە فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەوت، ڕۆانگەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وامان لێدەکات کاریگەریمان زیاتر بێت، ئامانجی ئەم فەلسەفەیە دەوڵەت و دەسەڵات نییە، ئامانج خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، ئەمەمان ڕاستەوخۆ لە ڕۆژئاوادا بینی. بینیمان کە ئەم شۆڕشە دژی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری و کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی جیهان هەبوو، کاتێک چووینە ڕۆژئاوا، هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین هێشتا بەردەوام بوون. لەو کاتەوە ئەمە ئیتر بوو بە پردی سەرەتای نێوان ئابیا یالا و کوردستان.
هەروەها ڕۆناهی حەسەن، ئەندامی کۆنگرەی ستار کە بەشداری لە پانێڵەکە بوو، ئاماژەی بە هەموو هەنگاوەکان و خەبات بۆ یەکێتی گەلان و کۆمۆناڵ بوونی نێونەتەوەیی کرد. ڕۆناهی حەسەن سەبارەت بە شۆڕشی ڕۆژاڤا و تێکۆشانی ژنان وتی: "ئەم ڕۆژە مێژووییە لە هەمووتان پیرۆز دەکەم، وەک دەزانن کۆنگرەی ستار لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزرا، ڕێکخستنێکی گەورەی لە ڕۆژئاوادا کردووە، کاتێک شۆڕش دەستی پێکرد ڕۆڵێکی پێشەنگانەی لەم شۆڕشەدا نیشاندا، هەروەها لە دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو، ئێستا وەک کۆنگرەی ستار بۆ ئەوەی ژنان لە سەرتاسەری سووریا پێشەنگایەتی بکەن و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا تێکۆشان دەکات.
هەروەها شاندی ئابیا یاڵا سەبارەت بە تێکۆشانی داهاتوو بۆچوونی خۆیان باس کرد. لەم تێکۆشانەدا ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان و پێویستی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک هەڵسەنگێندرا. هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد، زۆرتر باسیان لە پێویستی ئازادی جەستەیی ڕئبەر ئاپۆ کرد.