ژنانی ئەفغانستان هیوای ڕزگاربوون لە دەستی تاڵیبان دەخوازن
ناوچەی جەهارئاسیاب کە بە ”الطواحين الأربعة” ناسراوە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، بە مێژووی شەڕ و توندڕەوی، ئەمڕۆش زیانبەرکەوتووی دەستی تاڵیبانە و ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان بووەتەوە. بەڵام سەرەڕای فشارەکان، ژنان هێشتا بەهیوان.
بەهاران لە هیب
کابول-ناوچەی جەهارئاسیاب کە بە ”الطواحين الأربعة” "چوار میڵ" ناسراوە، دەکەوێتە باشووری کابولی پایتەختی ئەفغانستان و یەکێکە لە ناوچەکانی پارێزگای کابول. وەک ناوچەکانی تری ئەفغانستان، شوێنی دانیشتووانێکی هەمەچەشنە، لەوانە پشتون و تاجیک و هەزارە.
دوابەدوای کودەتاکەی ٢٧-٢٨ی نیسانی ١٩٧٨ کە بە حەوتەمی شۆڕش ناسراوە و دواتر لەشکرکێشی سۆڤیەت، گروپە توندڕەوەکان وەک ناوچەکانی دیکەی وڵات دەستیان کرد بە دزەکردنە ناو ناوچەکە، لەو چوارچێوەیەدا قەلب لدین حیکمەتیار، ڕێبەری پاەرتی ئیسلامی کە بە نازناوی "قەسابی کابول" و "ڕاکتیار" ناسراوە، گەنجانی ناوچەکەی کە تاڕادەیەکی زۆر بێ ئاگایان قۆستەوە، شوێنکەوتوانی ڕۆشنبیران و کەسانی خوێندەواریان کوشت و تەنانەت ئەو کچانەی کە ماڵەکانیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچنە قوتابخانە بە تێزاب هێرشیان کرایە سەر.
لە سەردەمی دەسەڵاتی کوتلەیی ساڵی ١٩٩٢دا، بنکەی سەرەکیی حیکمەتیار لە شاری جهارئاسیاب بووە. جگە لە کردەوەی توندوتیژی تر، ڕێگری لە ڕۆیشتنی پێداویستی خۆراک لە پاکستانەوە لە ڕێگەی ئەم ناوچەیەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کابول و پارێزگاکانی دیکە کرد، لە بۆنەیەکدا فەرمانی هەڵدانی نزیکەی هەزار موشەک لە کابول لە جەهارئاسیابەوە دەرکرد، بەمەش نازناوی "قەسابی کابول"ی پێبەخشرا.
لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٦، ناوچەکە چووە قۆناغێکی نوێی توندوتیژی، ئەندامانی تاڵیبان گەنجانیان بە زۆر لە شەقامەکاندا سواری ماتۆڕسکیل دەکرد و دەیانگواستەوە بۆ باکووری وڵات بۆ لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ماڵ و باخەکانی ترێی سەر بە دانیشتووانی ناوچەکە، دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوانە، لەسەر دیوارەکان دەیاننووسی: گەنجانی جەهارئاسیاب فەتحیان کردووە، ئەم کارانە دانیشتووانی ناوچەکەی توڕە کرد، چونکە سووتەمەنی دووبەرەکی و دوژمنایەتی نێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئەفغانستان بوو.
لەساڵی ٢٠٠٢ بە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و دامەزراندنی ئەوەی پێی دەوترا ڕژێمی نوێ، ژنانی جەهارئاسیاب وەک ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانستان هەوڵیان دا پێگەی خۆیان لە خێزان و کۆمەڵگەدا جێگیر بکەن و درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢، ژنانی ئەم ناوچەیە لە ئاسایش و ئازادی بێبەش کران و زۆرێکیان ناچار بوون لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
شەمسە شەرەف، مامۆستای ناوچەکە باسی لە ئەزموونەکانی خۆی کرد لە قۆناغە جیاوازەکاندا، وتی: ساڵانێک لە چەند قوتابخانەیەکی حکومی لە ناوچەی جەهارئاسیاب وانەبێژ بووم، دوای ڕووخانی ڕژێمی یەکەمی تاڵیبان، من و ژمارەیەک ژنی دیکە توانیمان پۆلی دوانزەی بنەڕەتی لەم ناوچەیە تەواو بکەین، بەهۆی بارودۆخی باو، دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنمان نەبوو، بەڵام وەک مامۆستا دامەزراوین، لەو سەردەمەدا، سەرەڕای سەختییە زۆرەکان، هەوڵماندا ئاستی ئەکادیمیمان بەرەوپێش ببەین و زیاتر دەربارەی شێوازی وانەوتنەوە و پێداویستییەکانی قوتابخانەکان بزانین.
دووپاتی دەکاتەوە، ژمارەیەک لە مامۆستای ژنی خوێندەواری باڵا بە بیانووی جیاواز لەلایەن تاڵیبانەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لە شوێنی ئەوان کەسانێک دانراون کە بڕوانامەی خوێندنیان نییە، هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و دڵسۆزانی تاڵیبان جێگەیان گرتووەتەوە. لە ئەنجامدا ڕێسا و دیسیپلین لە قوتابخانەکاندا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
بە تۆنێکی تاڵ و نزیک بە پێکەنین وتی: هەندێکجار ڕەفتاری تاڵیبان لە قوتابخانەکاندا پێکەنیناوییە، هەرچەندە لە ڕاستیدا تەواو بە ئازارە، بۆ نموونە لە سەرەتای ساڵی خوێندندا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان کە ئەندامی تاڵیبانە، هەموو مامۆستاکانی بانگ کرد بۆ کۆبوونەوەیەک، لە کاتی کۆبوونەوەی فەرمیدا، پێیەکانی لەسەر مێزەکە دانا و قسەی دەکرد، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی پسپۆڕی مامۆستایان بکات، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بابەت و پۆلەکانی بۆ هەریەکەیان دانا، بۆیە من کە پسپۆڕیم دارییە، سەرەتا ناچار بووم وانەیەکی جیاواز بڵێمەوە، بەڵام پێداگریم لەسەر وانە وتنەوەی بابەتەکانی خۆم کرد.
دوای ساتێک بێدەنگی، بەردەوام دەبێت و وتی: لەم دواییانەدا هەمان ئەم بەڕێوەبەرە پێشنیاری کرد کە منیش وانە بە زمانی ئینگلیزی و پەشتۆ بخوێنمەوە، چونکە پێی وایە ئەم زمانانە هاوشێوەی دارین، کاتێک بۆم ڕوونکردەوە کە وا نین، بە سادەیی وەڵامی دایەوە، هەموو ئەم زمانانە یاسای ڕێزمانیان هەیە!
شەمسە شەرەف ڕەخنە لە هەڵسوکەوت و ڕواڵەتی بەشێک لە مامۆستایانی تاڵیبان دەگرێت و وتی: ئەم کەسانە بە شێوەیەکی بێڕێزیکردن لەگەڵ خوێندکارە نێرەکان قسە دەکەن، گرنگی بە ڕواڵەت و دیسیپلینی کەسییان نادەن، هەندێکیشیان لەکاتی قسەکردن لەگەڵ مامۆستای ژن ڕەفتارێکی نەشیاویان هەیە، ئەمەش شتێکی زۆر ناڕەحەتە، بۆیە هیچ مامۆستایەکی ژن نایەوێت قسەیان لەگەڵ بکات.
وتیشی: ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکە نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ هێنانی هاوژینی سێیەم و پێشنیاری کرد لەنێو مامۆستا ژنەکاندا هەڵیبژێرێت ئەگەر ژنێکی بێ هاوژین هەبێت، وەڵامەکەمان ئەوە بوو کە هەموومان هاوسەرگیریمان کردووە، دڵنیام ئەم دۆخە بەردەوام نابێت، ڕۆژێک دێت کە ئەم ڕژێمەش، دەڕووخێت و سیستەمێک دادەمەزرێت کە تێیدا ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان هەبێت.
دەکرێ بوترێ جەهارئاسیاب وەک زۆرێک لە ناوچەکانی ئەفغانستان، چیرۆکێکی ساڵانێکی دوورودرێژی توندوتیژی و ناسەقامگیری و سیاسەتی بەرتەسککەرەوە دەگێڕێتەوە، کەچی لە نێو ئەم هەلومەرجە سەختەدا ژنانی ئەم هەرێمە بە ئیرادە و هیوای پاراستنی ناسنامە و زانست وزانیاریەوە و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بەردەوامن لە ململانێ، گێڕانەوەی وەک گێڕانەوەی شەمسە شەرەف نیشانی دەدات کە سەرەڕای هەموو سنووردارکردنەکان، هیوای گۆڕانکاری و داهاتوویەکی باشتر بە زیندووی دەمێنێتەوە و ڕەنگە ئەم هیوایە بنەمای گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان بێت لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا.