ژنانی سووریا: ژنان نادادپەروەریی قبوڵ ناكەن
ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕایانگەیاند، ئەو هەنگاوانە ڕەت دەکەینەوە، کە لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی دەردەچێت، چونكە کارەکە بە عەقڵییەتی پەراوێزخستن داڕێژراوە، ژنانی سووریا نادادپەروەرییان قبوڵ نەکردووە و هەرگیز قبوڵی ناکەن.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٦ی شوبات، ئەنجومەنی ژنانی سووریا دژی بەڕێوەچوونی "کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی" کە لە شام لەلایەن دەستەی هەتەشەوە بەڕێوەچوو ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە: ئێمە هەموو ئەو هەنگاوانە ڕەت دەکەینەوە، کە لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی دەردەچێت، چونكە کارەکە بە عەقڵییەتی پەراوێزخستن و نکۆڵیکردن داڕێژراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە ئێمەی ژنانی سووریا تێکۆشاوین لەپێناو سووریا و بۆ ئەوەی ژیان تێیدا بە شکۆمەندی و ئینتیمای ڕاستەقینەوە بەڕێبكرێت و نابینە ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە دۆخێکی ناتەندروست بەتایبەتی دوای ئەو هەموو قوربانییەی کە دراوە.
باس لەوەشکراوە، خەڵکی سووریا بەتایبەتی ژنانی سووریا جارێکی دیكە سەپاندنی پەردەی نادادپەروەرییان قبوڵ نەكردووە و هەرگیزیش قبوڵی ناكەن.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ڕابردوو چالاکییەکانی "کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی" کە لەلایەن دەستەی هەتەشە بەڕێوەچوو، بەڵام کۆنفرانسەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی نزیکەی ٣٥ ڕێکخرای سیاسی و کۆمەڵایەتی بووەوە و هەربۆیە بایکۆتی کۆنفرانسەکەیان کرد.