نەخشەڕێگای "١٠٠١ واژۆ بۆ کۆماری دیموکراتیک و ئاشتی" ڕاگەیاندرا

لە ئیستەنبوڵ نەخشەڕێگایەک بە ناوی "١٠٠١ واژۆ بۆ کۆماری دیموکراتیک و ئاشتی" بڵاوکرایەوە، هەروەها لە دژی زەمینەی پێکدادان و جیاکاری، بانگەوازی بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی کرا.

ئیستەنبوڵ

 

لە ئیستەنبوڵ بە پێشەنگایەتیی ژنان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، ئەکادیمیستەکان، کرێکاران و گەنجان، نەخشەڕێگای "١٠٠١ واژۆ بۆ کۆماری دیموکراتیک و ئاشتی" ئامادە کرا. نەخشەڕێگاکە لە ناوەندی کولتوور و هونەری ئەیوب سوڵتان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرا. ڕۆژنامەنووس نەزاهەت دۆغان بەرنامەکەی پێشکەش کرد.

 

واژۆکەرانی نەخشەڕێگاکە بە پەیامی "کاتێک چیرۆکە ڕاستەقینەکان دەست پێدەکەن، کۆمەڵگە دەستبەرداری خەیاڵکردنی داهاتووی خۆی نابێت" دەستیان بە هەڵمەتەکەیان کرد. واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە دەستنیشانیان کرد کە "١٠٠١" لە چیرۆکەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا وەکو هێمای هیوای بێپایان و پڕ لە پشوودرێژی بۆ ڕووناککردنەوەی تاریکییە. واژۆکەران بانگەوازییان لە کۆمەڵگە کرد کە لە دژی زەمینەی پێکدادان و دابەشبوون، ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن. ڕۆژنامەنووس نەزاهەت دۆغان دەقی نەخشەڕێگاکەی خوێندەوە.

 

لە دەقی نەخشەڕێگاکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە دژی تاریکیی پێکدادان، دابەشبوون و بێدەنگی، هەڵوێستێکی ڕوون بۆ ئاشتی وەرگیراوە.

 

خاڵە سەرەکییەکانی نەخشەڕێگاکە

- لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری کە لە تورکیا بەردەوامە، ئێمە لە هەنگاوە یەکەمەکاندا پشتگیری لە چەکدانان و نەهێشتنی تەواوەتیی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە وڵات دەکەین.

 

- بەو هۆشیارییەی کە سەرچاوەی سەرەکیی پرسەکە، نکۆڵی لە بوونی کوردە، ئێمە پشتگیری لە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان دەکەین بە گەرەنتی دەستووری، مافی خوێندن بە زمانی دایک بناسرێت و بەم شێوەیە هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی نادادپەروەرییە مێژووییەکان پشتگیری بکرێن.

 

- ئێمە پشتگیری لەو هەوڵانە دەکەین کە کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای دەوڵەتی ئازاد، دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بنیاد بنرێت. هەروەها پشتگیری لە داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکەین.

 

- ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵیان هەیە لە چارەسەرکردنی ئەم پرسی پێکدادانییەدا کە هاوتەمەنە لەگەڵ مێژووی کۆماری تورکیا، دەرفەتی دانوستاندنی ئازاد و لە مەرجی یەکساندا پێ بدرێت. ئێمە هەروەها پشتگیری دەکەین کە بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و داواکارییەکانی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، بنەمای سوودمەندبوون لە مافی هیوا جێبەجێ بکرێت.

 

پاش خوێندنەوەی دەقەکە، ئەحمەد تورک قسەی کرد، ڕایگەیاند بۆ ئەوەی ئازارەکان دووبارە نەبنەوە پێویستە هەمووان بە ئەرکی خۆیان هەستن. دوای ئەویش ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار چیلەم کوچوک‌کەلەش وتەیەکی پێشکەش کرد.

 

"ئێمە سەرەڕای باجە قورسەکان بۆ ئاشتی وەستاوین"

دایکی ئاشتی بەدیعە گۆکیوز باسی لە سیاسەتە جیاکارییەکان و نزیکبوونەوەی پرسە کردو وتی: منداڵەکانمان نەیانویست دەستبەرداری پێنووس بن، بەڵام لەبەر ئەوەی پێنووس بەس نەبوو و ناچار بوون چەکیان هەڵگرت، دەبێت گوێ لە قسە و پەیامی دایکان بگیرێت و کەس نەکوژرێت، سەرەڕای باجی قورس، ئێمە هێشتا لە پێناو ئاشتیدا وەستاوین.

 

دواتر زەینەل عابدین کۆچ، سەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییەکانی تورکیاو گۆهان چاکیر، یاساناس و نووسەر، هروەها نەوەی شێخ سەعید قاسم فورات، ناجی سۆنمەز، نووسەرو هونەرمەند کەرەم فرتینا، موسا پیرئۆغلو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەو نوێنەری عەلەوییەکان، مێژوونووس محەمەد بایراک، نووسەر محەمەد گورسەس، وتەیەکیان پێشکەش کرد.

 

هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد کە قەیوم لە شوێنی دانراوە، سەلجوق مزراکلی پەیامێکی ڤیدیۆیی نارد و داوای کرد ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕۆڵی چالاک لە پرۆسەکەدا بگێڕن.  

 

بەرنامەکە بە بانگەوازی بۆ پشتگیریکردنی ئاشتی کۆتایی هات.