ژنانی سووریا: ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکگرتنەوەی وڵات
ژنانی دانیشتووی شام ڕایانگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان قەسەدەو ئیدارەی کاتی هەتەشە واژۆ کراوە ڕێگایەکی باشتر دەبێت بۆ داهاتووی وڵاتەکە و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنەکە دەبێت بە ڕوونی و میکانیزم جێبەجێ بکرێت.

ڕاما خەلیف
شام-ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" و حکومەتی کاتی هەتەشە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکخستنی سووریا و کۆتاییهێنان بە ململانێکان دادەندرێت.
گەلی سووریا ئەو ڕێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا دەزانێت، پێیانوایە دەرفەت بۆ بونیادنانی سەقامگیری ئەمنی و سەربازی دەڕەخسێنێت و ڕێگا بۆ چارەسەری فراوانتر خۆش دەکات، ڕۆژی ١٩ی ئادار، قەسەدەو لیژنەی کاتی حکومەت کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە و میکانیزمی کارکردنی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هاوپەیمانان لە سووریا نابێت بەجێبهێڵرێن، هەروەها پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە دیاریکردنی ئایندەی سووریا و نووسینەوەی دەستوور، یەکێک لەو پرسانەی کە باسی لێوەکرا، پێویستی ئاگربەست بوو لە سەرانسەری خاکی سووریا.
"ڕێککەوتنێکی مێژووییە و هیوا دەبەخشێت"
ڕانەڤان ئاغور کە لە شام نیشتەجێیە، ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە کاریگەری زۆری لەسەر گەلی سووریا هەبووە، ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی هەنگاوێکی لەو شێوەیە بوون، خەڵک زۆر دڵخۆشن بەم پێشهاتە، ئەم ڕێککەوتنە پێشهاتێکی مێژووییە بۆ وڵات و هیوادارم کاریگەری ئەرێنی هەبێت لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بەڵام بۆ ئەمەش دەبێت ڕێککەوتنەکە ڕوون بێت و لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە جێبەجێ بکرێت کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکێتی نەتەوەیی
مەرام عیسا کە لە شام نیشتەجێیە ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بەو دابەشبوونەی کە ساڵانێکە بەردەوامە، ئەو ڕێککەوتنە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گەلی سووریا جارێکی دیکە کۆببنەوە، بێگومان ئەم ڕێککەوتنە کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و حکومەتی کاتی واژۆ کراوە، زۆر دڵخۆشی کردین، ئەم ساتەوەختە ئێمەی کۆکردۆتەوە و ڕێگری لە لەدەستدانی سامانی وڵاتەکەمان دەکات.
مەرام عیسا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانە دەبێت، ڕێکارە ئاڵۆزەکانی پێشووی بە دەرفەتی هاتوچۆی ئازادانەی خەڵک دەگۆڕێت، ئەم پێشکەوتنە دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا و پاڵپشتی لە یەکگرتنی وڵات.
سەرەڕای سەختییەکان، ئەم ڕێککەوتنە هیوایەک دەڕەخسێنێت
هەرچەندە ئەم پێشهاتە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا ئاستەنگی و ئاڵەنگاری زۆر هەیە، ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنەوەی سووریا و بەرقەرارکردنی سەقامگیری ئەمنی و سەربازی، سەرەڕای ئەو گرفتانەی کە ڕەنگە لە کاتی جێبەجێکردندا سەرهەڵبدەن، بەڵام ئەم هەنگاوە هیوای بۆ وڵات هێناوەتە ئاراوە، گەلی سووریا هیوادارن ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دروستکردنی دۆخێکی سەقامگیر.
کاتێک ڕێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هیوای نوێ بۆ داهاتووی سووریا دروست دەبێت، بەڵام پابەندبوونی لایەنەکان بەم پرۆسەیە و سەرکەوتنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی چارەنووسی وڵاتەکە دیاری دەکات.