ژنانی شەنگال: هەرگیز ئیرادەی گەل تێکناشکێت
ژنانی شەنگال کە تووڕەن لە هێرشەکانی سەر چیای شەنگال ڕایدەگەیەنن لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بەرگری لە خۆیان دەکەن و دەست لە خاکەکەیان بەرنادەن.
ئەڤین زیندا
شەنگال- لە ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ کە لە لایەن حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتن کرا هێرشەکان بۆ سەر شەنگال بەردەوامن، لە دژی ئەو پلانانە کۆمەڵگەی ئێزدیش ڕێکخراوێکی پێکهێناوە کە لە پێناو دروستکردنی شەنگالێکی خۆبەڕێوەبەردا تێدەکۆشێت، داگیرکەران کە چاویان لە پێشکەوتن و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ئێزدییە جارێکی دیکە دەشتی شەنگالیان بۆردوومان کرد، هاوڵاتیانی هەرێم لە بەردەم کۆنتڕۆڵکردنی هاوبەشی سەر بە لقی ٨٠ی حەشدی شەعبی کە بە فەرمی سەر بە سوپای عێراقن کۆبوونەوە و بەیاننامەیەک بەناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەوە درا، ژنانی شەنگال کە بەشدارییان لە بەیاننامەکەدا کردووە تووڕەیی خۆیان دەربڕیوە ئەو ژنانە ڕایانگەیاند کە ئەگەر حکومەتی عێراق هاوبەشی دەوڵەتی تورکیا نەبێت ناتوانێت هێرش بکاتە سەر شەنگال و وتیان کە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردووە.
"ناتوانن لەناومان ببەن"
پاکیز جەلال ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق دەسەڵات نەدات بە دەوڵەتی تورک ئەوا ئەوەندە هێرش ناکاتە سەر شەنگال، لەبەر ئەوەی ئەوەی هاوکاری دەوڵەتی تورکە بۆیە بێدەنگە، وتیشی: "شوێنی ئێستای بۆردومانەکە یەکێکە لە شوێنە فەرمییەکانی سەر بە سەربازانی عێراق، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێزدینن هێرشی کردووە، بەڵام هەرچی بکەن ناتوانن لەناومان ببەن ئێمە وەک دایکان تا کۆتایی مندالەکانمان دەپارێزین، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بە ئەرکی خۆی هەستێت و لە بەرامبەر ئەو هێرشانە دەنگ هەڵبڕێت".
"ئێمەی گەنجانی شەنگال بۆ خۆبەڕێوەبەری تێدەکۆشین"
فەهیمە حاجی وتی: "دەوڵەتی تورک لە بێدەسەڵاتی خۆی هێرشی کردە سەرمان و لە حەسەکە سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەمجارە ڕووی لە شەنگال و مەخمور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد بەڵام لێرەش شکستیهێنا لەبەر بێدەسەڵاتی خۆی هێرش دەکاتە سەر خەڵک بەڵام با ئەمە باش بزانێت ئێمە وەک گەنجانی شەنگال تا کۆتایی شەڕی خۆبەڕێوەبەری و ئازادی گەلەکەمان دەکەین".