ژنانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە سەرەڕای گەمارۆ و پێشێلکارییەکان لە خەبات بەردەوامن

گەمارۆی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە نوێ دەبێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بەرخۆدانی ژنان نوێ دەبێتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەوان هێڵی یەکەمی بەرگرین لە بەرامبەر هێرش و پێشێلکارییەکان.

سیرین محەمەد

 

حەلەب – لە ناو بارودۆخی نالەباری مرۆیی و گەمارۆیەکی خنکێنەر کە چەکدارانی هەتەشە بەسەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەبدا سەپاندوویانە، ڕۆڵی ژنان وەک توخمێکی بنەڕەتی لە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە کۆمەڵگەدا دەردەکەون و دووپاتی دەکەنەوە کە ئیرادەیان ناشکێت.

 

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئارامییان نەناسیوە، بەو پێیەی لەلایەن هێزە چەکدارە جیاوازەکانەوە تووشی هێرش و گەمارۆدانی یەک لە دوای یەک بوون، ئەمڕۆ جیهادییەکانی هەتەشە دیمەنی گەمارۆدان و هێرشەکان دووبارە دەکەنەوە، هەوڵدەدەن ئەو دوو گەڕەکە بە چەکی قورس هێرشی دڕندانە بکەنە ئامانج و هاوڵاتیانیی مەدەنی و ژن و منداڵان دەکەنە ئامانج، بەڵام دانیشتوان و بەتایبەت ژنان بەردەوامن لە وەستانەوە و بەرگری کردن لە خاک و مافەکانیان و دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئیرادەیان بەهێزترە لە هەموو هەوڵەکانی سەرکوتکردن.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم، لە کۆی حەوت دەروازە کە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب بە شارەکەوە دەبەستێتەوە، پێنج دەروازە داخران و هاتووچۆیان تەنها بۆ پیادەکان سنووردار کرد،بازنەی لیرمون و جەندول بە تەواوی داخراوی مانەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێوشوێنە ئاسایشییەکان بەرزبوونەتەوە لەوانە گەڕان و پشکنینی ناسنامە، هەروەها بەردەوامی جێگیرکردنی چەکی قورس لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە.

 

سەبارەت بەو هێرش و پێشێلکاریانەی کە چەکدارانی هەتەشە لە هەردوو گەڕەکەکەدا ئەنجامیانداوە، شیرین شێخۆ، کارگێڕ لە فەرمانگەی ژنانی ئەنجومەنی گشتی گەڕەکەکان ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە سەپێنراوە، دانیشتووانی ئەو گەڕەکە هیچ ئیسراحەتێکیان نەزانیوە، چەکدارانی هەتەشە بە خێرایی گەمارۆی دووبارەیان سەپاند و چەک و تانکی قورسیان بەکارهێنا لە هێرشەکانیاندا، بەم دواییە بووە هۆی برینداربوونی ١٩ هاوڵاتی مەدەنی و کوژرانی ژنێک، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا کارەبای ئەو دوو گەڕەکە بە تەواوی پچڕاوە، ئاوی ٢٠ شەقامیش پچڕاوە و زیاتر لە ٤٠٠ خێزانیش کاریگەرییان لەسەر هەبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان تەنها بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی سنووردار نەبوون، بەڵکو مزگەوتی گەورەیان لە گەڕەکی شێخ مەقسود کردووەتە ئامانج، کە بەهۆکاری کەوتنە خوارەوەی مووشەکێک زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە، ئەم هێرشانە دانیشتووانیان ناچار کرد دوکانەکانیان دابخەن و خۆیان لە چوونە دەرەوەی گەڕەکەکە بەدوور بگرن، ئەمەش ژیانی ڕۆژانەی لە ئێستاوە سەختترتر کرد.

 

سەرەڕای ئەمەش ژنانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە پاراستنی ئەو دوو گەڕەکە، شیرین شێخۆ دووپاتی کردەوە، کە ژنان شانبەشانی هێزە ئاسایشییەکان درێژە بە خەبات و بەرخۆدانی خۆیان دەدەن، دانیشتوانەکە بەرگەی ١٤ ساڵ بەرخۆدانیان گرتووە بەرامبەر بە ڕژێمی پێشوو و ڕێگە نادەن ئەمڕۆ ئیرادەیان بشکێنرێت. وتی: واز لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ناهێنین.

 

"شێخ مەقسود و ئەشرەفیە... سەرچاوەی بەرخۆدان"

زولەیخا شێخ قەنبەر، خوشکی شەهید ئۆرهان "جودی ڕوستەم"، ئەو هێرشانەی بەبیرهێنایەوە کە ئەو دوو گەڕەکە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەرگەی گرتووە، کاتێک ڕووبەڕووی ٢٧ کەتیبەی چەتە بوونەتەوە کە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە پاڵپشتی دەکران، جەختی لەو ڕۆڵە بناغەییە کردەوە کە ژنان لە بەرگریدا بینیویانە، ئاماژەی بە هێرشە دڕندەکانی ساڵی ٢٠١٦ کرد کە ئامانجیان ئاوارەکردنی دانیشتووان بوو، بەڵام هاولاتیان بە یەکگرتوویی وەستان و هێرشبەرەکانیان بەرپەرچ دایەوە.

 

زولەیخا شێخ قەنبەر جەختی لەوە کردەوە، کە هەڵکەوتەی ستراتیجی گەڕەکی شێخ مەقسود کە پێشتر بە "جبل السيدة"،"شاخی ژن" ناسرابوو، وایکرد ببێتە ئامانجێکی بەردەوام بۆ هێزە دەستدرێژکارەکان، بەڵام دانیشتووان بەردەوامن لە بەرگریکردن لێی، کۆمینەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبووە لە ڕێکخستن و هۆشیارکردنەوەی ژنان و بەشداریکردنیان لە بەرە و نەخۆشخانەکاندا، سەرەڕای گەمارۆدان و کەمی خۆراک و گەرمکەرەوە، دانیشتووان سوورن لەسەر مانەوە و بەرخۆدان، وتی: ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە ئەو دەستکەوتانە بپارێزین کە شەهیدان لە ڕێگەی خەباتیانەوە بەدەستیان هێناوە.