ژنانی قامیشلۆ بە هەموو شێوەیەک خۆیان دەپارێزن
ژنانی قامیشلۆ ڕایانگەیاند، بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و وڵاتەکەیان چەک هەڵدەگرن و بە هەموو شێوەیەک دژی چەتەکان دەوەستنەوە.
نەغم چاچان
قامیشلۆ-لە قامیشلۆ شارێک کە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ئاسایشی بووەتەوە، ژنان بوونەتە بەشێکی گرنگی هەوڵەکان بۆ پاراستنی خێزان و کۆمەڵگەکانیان، لەناو ئەو بارودۆخە سەختەی ناوچەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەوێ چەکیان هەڵگرتووە و ڕاستەوخۆ بەشدارن لە پاراستنی پارێزراوی خۆیان و خێزانەکانیان، ئەم کردەوەیە نەک هەر بوێرییەکی نائاسایی نیشان دەدات، بەڵکو نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەکات لە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکاندا، ژنان هێز و بەرخۆدانیان لە بەرامبەر قەیرانەکاندا نیشانداوە و ئێستا بەردی بناغەی سەقامگیری کۆمەڵگەکەیانن.
ژنانی شاری قامیشلۆ بە ئاژانسەکەمانیان ڕاگەیاند، بۆ پاراستنی گەڕەک و کۆمەڵگە و خێزانەکانیان چەکەکانیان هەڵدەگرن.
فاتمە عەلی وتی: ئێمە هەمیشە وڵاتەکەمان دەپارێزین وەک ژن، وەک دایکان، کۆمەڵگە و نیشتیمانمان دەپارێزین، هەروەک چۆن منداڵەکانمان دەپارێزین، تا دڵۆپێک خوێن لە جەستەماندا بێت، لەسەر شانی خۆمان دەوەستین و وڵاتەکەمان دەپارێزین، هەموومان بەتایبەتی ژنان پێکەوە دژی چەتەکان دەوەستینەوە و وڵاتەکەمان دەپارێزین، هەروەها وەک ژن شەوانە دەچینە دەرەوە بۆ پاراستنی گەڕەکەکانمان.
”زۆر دڵخۆشین بە یەکێتی گەلی کورد”
نەشمیە محەمەد ڕایگەیاند، ئێمە وەک ژن بەرگریمان لە خۆمان کردووە لە بەرامبەر هێرش و شەڕی تایبەتدا، لەم دواییانەدا شەڕی تایبەت ڕۆڵێکی گەورەی لەسەر ژنان هەبووە، چونکە ئەم شەڕە دەیەوێت ڕۆڵی ژنان لەناو ببات، بەڵام ئێمە وەک ژن بەرگریمان لە خۆمان کرد، دژی هەموو هێرشەکان وەستاین و خۆمان سەلماند، هەروەها ئێمە دژی شەڕی تایبەت وەستاینەوە کە دەیویست ململانێ لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بکات و نەمانهێشت کاریگەری لەسەرمان هەبێت، هەمیشە پێکەوەی گەلان جێبەجێ دەکەین، ژنان هەمیشە ئاشتی و سەقامگیریمان دەوێت، باندەکە دەیەوێت بەهای ئێمە لەناو ببات، ئێمەش بەرگریمان لە بەهاکەمان کردووە، چەک هەڵدەگرین بۆ پاراستنی گەڕەک و کۆمەڵگە و نیشتیمانمان، زۆر دڵخۆشین بە یەکڕیزی گەلی کورد و ئازادی و سەرکەوتنە هی ئێمە دەبێت.
”ئێمەی ژنانی ناو گەڕەکەکان مەشقی چەکیان پێدەدەین”
فاتمە عومەر، سەرکردەی هەپەجە، وتی: چەک هەڵدەگرن و بەرگری لە خاک و کۆمەڵگە و هاوڵاتیانی خۆمان دەکەین لە شەقام و گەڕەکەکاندا، لە هێڵی پێشەوەی کۆنترۆڵکردن جێگەی خۆمان دەگرین، پێشەنگایەتی ئەو شەڕە تایبەتە دەکەین کە لە نێوان پێکهاتەکاندا ڕوودەدات، وەک گروپی ژنان چەک بە دەستەوە هەڵدەگرین و لەناو گەڕەکەکاندا دەجوڵێینەوە، هەروەها مەشق و ڕاهێنانی چەک بۆ ژنان لە گەڕەکەکان دابین دەکەین، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە حاڵەتی نائاساییدا خۆیان بپارێزن، ژنانی هەپەجە گروپیان بۆ لۆژستی شەڕڤانان پێکهێناوە، بۆ ئامادەکردنی پێداویستیەکانی شەڕڤانان لەوانە خۆراک.