ژنانی پەنابەری ئەفغانی لە ئێران هۆشداری لە دۆخی ناجێگیریان دەدەن

کۆمەڵێک لە ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن کە بەپەلە چارەسەری دۆخی "ناجێگیر"یان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

گروپێک لە ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی نیشتەجێی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، نیگەرانیان سەبارەت بە بارودۆخیان دەربڕی و داوای پشتیوانی دەستبەجێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیان کرد.

 

بەگوێرەی ئەو گروپە، بارودۆخی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەم دانیشتووانەی پەنابەر "سەخت و نائارامە"، هەروەها پشتیوانییەکی پێویستیان پێناگات و دۆخەکەیان بە بەردەوامی بەرەو خراپتر دەچێت.

 

ئەو ژنانە ڕەخنەیان لە کرداری نوسینگەی ئوچەنر لە تاران گرت و ڕایانگەیاند، کە پشتگوێخستنی دۆخی نالەباری ئەوان جێگەی نیگەرانییە، ئەوان پێیان وایە بێدەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بارودۆخەکەیان پرسیاری ڕاستی دەوروژێنێت و پێویستی بە کردەوەی بەپەلە هەیە.