ژنانی نوودشە خاک دەگۆڕن بۆ ژیان
نوودشە شارێکی زیندووە بەهۆی ژنەکانییەوە کە بڕبڕەی پشتی ئابووری ناوخۆی پێکدەهێنن، بە کارکردن لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی دەستی و فرۆشتنی سەر شەقامەکاندا، بەشداری لە ئابووریدا دەکەن.
سەمیە رەحیمی
پاوە- لەگەڵ گەیشتنی ڕێگاکە بۆ نوودشە، ڕێگاکە سەخت دەبێت و شاخەکان وردە وردە نزیک دەبنەوە، لێرەدا دەڤەری هەورامان بە تەم و مژێکی ناکی بەیانیان و بۆنی زەوی شێدار ناسراوە، نوودشە شارۆچکەیەکی بچووکە و لە بناری شاخەکاندا هەڵکەوتووە، خانووی بەردی تەراس و ڕووبارێک کە دەنگی لە زۆربەی کوچە و کۆڵانەکاندا دەبیسترێت.
لە پاییزدا، بەدرێژایی ئەو ڕێگایانەی کە دەچنە ناو شارۆچکەکەوە، هاوڵاتیان نەریتی کۆنی خۆیان دەپارێزن کە لێ کردنەوەی هەنارە لە تەنیشت ڕێگاکەوە، ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی بەختێکی باش و بەرەکات بهێنن،کە لەگەڵیشیدا بە ڕێبوارەکەی بگەیەنن کە دەچێتە ناو شارۆچکەکەوە، ژیان هێشتا بە زەوی و دروێنەوە بەستراوەتەوە، هاوڵاتیانی نوودشە خۆیان بە ئاشنابوون نیشان نادەن، بەڵکو ئەوان دەیژین،هەروەها سەربەخۆن و خانوو و باخچە و کاری دەستی و کاری بەکۆمەڵ هێشتا ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ژیانیاندا داکوتاوە.
لە یەکەم نیگادا ڕەنگە سادە و ئاسایی دەرکەوێت، بەڵام لە پشت ئەم کۆشکانە ئابووری ڕاستەقینەی شارۆچکەکەیە، ئابوورییەکە نەک لەسەر کارگەکان یان پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان، بەڵکو لەسەر کاری ژنانی نوودشە بونیاد نراوە، کە هەم بارگرانی ماڵ و بژێوی ژیانیان هەڵدەگرن.
ئەوان لە باخچەکاندا کاردەکەن و بەرهەمەکانیان دەچێنن و دروێنە دەکەن و پرۆسێسیان دەکەن، لە کۆتاییدا خۆیان بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، بۆ زۆرێک لە خێزانەکان ئەم داهاتەی کە لە تەنیشت ڕێگاکە بەدەستی دەهێنن، سەرچاوەی داهاتە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ژیان و خوێندنی منداڵان و کرێی خانوو.
کەش و هەوای شاخ سەخت و ساردە، هەندێک جار خۆر دەسووتێت و هەندێکی تریش بارانێکی لەناکاو لافاو دەخاتە سەر کۆشکەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ژنانە جگە لە خۆڕاگری هیچ بژاردەیەکی تریان نییە، بوونی ئەوان لە ئابووری ناوخۆییدا بێدەنگ و بێ خۆبەزلزانە، بەڵام بنچینەیە، هەروەها ڕۆڵێکە کە زۆرجار نابینرێت و بەهای نازانرێت.
ژنان ژیانی ڕاستەقینە بە شارەکە دەبەخشن
ئامینە. م، تەمەن ٧٥ ساڵ، بە فرۆشتنی هەنار و مرەبای هەناری ماڵەوە، بژێوی خۆی و هەشت منداڵەکەی دابین دەکات، لە تەنیشت ڕێگاکە دادەنیشێت، سەبەتەیەک هەناری سووری لەبەردەمدایە، چاوەڕێی ڕێبواران دەکات، بۆ ئەوەی بانگهێشتیان بکات، ئاماژە بەوە بکات، کە ئەمە باشترین هەنارەکانی هەورامانن!، بە وریاییەوە و بە ئارامییەوە هەنارەکان ڕیز دەکات، دەستەکانی چرچ و لۆچن، کە ئەمەش نیشانەکانی ساڵانێک ماندووبوونیان هەڵگرتووە، وەک ئەوەی ئەم چرچ و لۆچانە چیرۆکێکی ئازاری درێژخایەن بگێڕنەوە.
وتی: هیچ داهاتێکی جێگیر و پشتیوانی و تەنانەت خانەنشینیشی نییە، هەروەها کاتێک وەرزی هەنار کۆتایی دێت، دەست دەکەم بە دروستکردنی مرەبا، چونکە مرۆڤ هیچ بژاردەیەکی نییە.
لە نزیک ڕێگاکەوە ئەسما. ع، کە کۆشکێکی ڕەنگاوڕەنگی لە تەنیشت یەکێک لە خزمەکانی داناوە و بە گەرمی لەگەڵ ڕێبواران قسە دەکات و بانگهێشتیان دەکات بۆ کڕین، وتی: باخەکە هی هاوژینەکەمە، ئەو بەروبووەکە هەڵدەگرێت، ئێمەش دەیفرۆشین، ئەمەش تاکە سەرچاوەی داهاتمانە.
ڕوونیشیکردەوە، زۆرێک لە ڕێبواران بۆ وێنەگرتن لەگەڵ ئەو ژنە کوردانە دەوەستن و زۆرجار وێنەکان دەگۆڕدرێن بۆ کڕین، وتی: ئەگەر فرۆشیارەکان پیاو بوونایە، ئەم ڕێگایە ئەوەندە زیندوو نەدەبوو.
لە تەنیشتیەوە یەکێک لە خزمەکانی بە بێدەنگی خەریکی ڕیزکردنی هەنار بوو، ڕوونیکردەوە، کە ئەو خێزانە ٢٠ ساڵە چاودێری باخچەکان دەکەن و ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تا کۆتایی پاییز لە تەئیشت ڕێگاکە دادەنیشن، ئەمساڵ بەهۆی گەرمای زۆر و نەبوونی باران هەنارەکان تامیان لەدەست داوە.
هەرچەندە خۆر لە پشت شاخەکانەوە دەستی بە ئاوابوون دەکرد و هەواکە فێنکتر دەبووەوە، بەڵام ژنان هێشتا کۆشکەکانیان کۆ نەکردبووەوە، ڕەنگە لە کۆتا خولەکدا کڕیارێک دەربکەوێت و داهاتەکەی لە کارێکی ڕۆژێکی درێژدا زیاد بکات، ئەمەش هیوایەکی بچووک و نەوتراوە کە هەستی پێدەکرا.
ئابووری نوودشە لەسەر شانی ژنانی وەستاوە، ئەوانەی لە ڕاپۆرتە ڕەسمیاکاندا دەرناکەون، کە بەشدارییەکانیان لە سیاسەتی گشتیدا ناژمێردرێت، بەڵام ئەوانن کە ژیانی ڕاستەقینە بە شارۆچکەکە دەدەن، مرۆڤ بۆ ئەوەی بەڕاستی لە نوودشە تێبگات، تەنها پێویستی بەوەیە لە تانیشت ڕێگاکە بوەستێت و چاودێری بکات کە چۆن ئەو ژنانەی کە دەستیان وشک ببوەتەوە و جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەردایە خاکەکە دەگۆڕن بۆ ناوەندێکی زیندوو بۆ ژیان.