ژنانی نابینا: دەرفەتی کارکردنمان دەگمەنە

ئەگەرچی نابینان، بەڵام خاوەن بەهرەی زۆرترن، کاری دەستی و هونەری ئەنجام دەدەن، سەلماندوویانە نەبوونی ڕۆشنایی چاوەکانیان ڕێگر نییە لە دەرخستنی لێهاتووییەکانیاندا، بەڵام وەک باسی دەکەن دەرفەتی کارکردنیان دەگمەنە.

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ- ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ خزمەت، تایبەتە بەو خاوەن پێداوستییە تایبەتانەی کە نابینان یاخود کەم بینن، ٤٠٠ ئەندامی هەیە، کە نزیکی ٢٠٠ لەو ئەندامانە ژنن، چەندین خولی فێربوونی کاری دەستی، نوسینی برایل و ژەنینی دەفیان کردووەتەوە، ئەمڕۆش لە چالاکییەکدا کاری ئەندامەکانی نمایشکرد.

سۆزین سەرباری ئەوەی نابینایە بەڵام خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە، ئەمڕۆ لەم پێشانگایەدا بەشدارە، باس لەوە دەکات، ئەگەر ژنانی نابینا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت ئەوا توانایەکی زۆر باشیان هەیە، بەڵام دەرفەتی کار بۆ ژنانی نابینا دەگمەنە، نزیکە لە سفر، هەندێکی دیکەش لە ژنان دڵخۆشن بە بەشداریکردنیان لە پێشانگاکەدا.

ڕێکخراوەکە جگە لە خولی فێربوونی کاری دەستی، خولێکی دیکەشی بۆ فێربوونی ژەنینی دەف کردووەتەوە، بەو هۆیەوە ئێستا شیلان دەفژەنێکی لێهاتووە.

شیلان، بەهۆی هاتنی ئاوی سپی لە چاویدا، چاوەکانی تووشی کەم بینایی بووە، ماوەی چوار ساڵە لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ کاردەکات، لەبەر خولیای بۆ ژەنینی دەف لە ڕێگای خولەکانی ڕێکخراوەکەوە فێری ژەنین بووە، دەشڵیت ڕێکخراوەکە دەرفەتێکی باشی بۆ نابیناییان ڕەخساندووە تا بێنە دەرەوە و خۆیان لە گۆشەگیری ماڵ ڕزگار بکەن.

 

لە ڕێکخراوەکەدا خولی فێربوونی نوسینی برایل کە نوسێنێکی تایبەت بە نابینایانە کراوەتەوە، دڵشاد مامۆستای نووسینی برایلە و هاوکارێکی باشی نابینایانە بۆ فێربوونی نوسین و خوێندنەوە.

جیلان خدر، بەرپرسی بەشی ژنانی ڕێکخراوەکەیە، باس لەوەدەکات هەوڵیانداوە هاوکاری نابیناییان بکەن: نابیناییان تەنها بەشێک لە هەستەکانییان نییە، نەک بەشێک لە بیرکردنەوەییان.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ جگە لە نیشاندانی بەرهەمی ئەندامەکانی، هاوکات سەبەتەی خۆراکی بەسەر ٥٠ نابینادا دابەشکرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە داوایکرد هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نابیناییان بکرێت، چونکە لە ژیانێکی سەختدا دەژین.

 

ت.پ