ژنانی میسر بڕیاری چۆڵکردنی خەڵکی غەززە شەرمەزار دەکەن

ژنانی میسری بڕیاری چۆڵکردنی خەڵکی غەززەیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆیان دەربڕی، ئەو ژنانە ڕایانگەیاندووە، هیچ کەس مافی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵکی غەززە بدات.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ماوەیەک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، پێویستە خەڵکی غەززە لە ماڵ و حاڵی خۆیانەوە ڕوو لە ئوردن و میسر بکەن، خەڵک کاردانەوەیان بەرامبەر بەم بڕیارە هەبوو و ڕایانگەیاند کە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافییە، زۆر خۆپیشاندان و چالاکیی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، هەروەها هەڵوێستی حکومەتی میسر لە دژایەتیکردنی ئاوارەبوونی خەڵکی غەززە هاتە پێشەوە.

 

"ئاوارەکردنی خەڵکی غەززە نەشیاوە"

ئەسما عنەیی، دەروونناس باسی لەوە کرد کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بڕیاری ئاوارەکردنی خەڵکی غەززە بدات و بە زۆر لە خاک و زێدی خۆیان دەربکەن وتی: ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەرپرسیارێتییە و دەبێت هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لەبەرامبەر ئەمە و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، جگە لەوەش پێویستە ئاشتی بەدیبهێنرێت و پێویستە دەستبەجێ شەڕ ڕابگیرێت، خەڵک ئاوارە نەبن، کۆچکردن زۆر قورسە و مرۆڤەکان بە پرۆسەی هەستیاردا تێدەپەڕن، ئاوارەبوونی خەڵکی غەززە ڕاست نییە و نابێت ڕووبدات.

 

"ئێمە بە هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی غەززە وەستاوین"

ڕەحمە سەمیر، ئەندامی کۆمەڵەی میسری بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، ژنانی فەڵەستینی هەموو ئازار و ناخۆشیەکانیان بینیوە و بەرگەی گرتووە و وتی: خێزان و منداڵەکانیان لەدەست داوە، بەڵام هێشتا لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی وێرانکاریدا چەسپاون، هەڵوێستی ژنانی فەلەستینی لە بەرگریکردن لە خاک و وڵاتەکەیان زۆر بەنرخە ، ئێمە تا کۆتایی پشتگیری لە خەڵکی غەززە دەکەین لە هەمانکاتدا بە توندی ئیدانەی ئاوارەبوونی خەڵکی غەززە دەکەین کە ئەمەریکا هەموو نەخشەکانی جیهان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەگۆڕێت.