لە کۆیە پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا

بۆ پشتیوانی خەباتی کوردانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گردبوونەوەو ڕێپێوان لە کۆیە بەڕێوەچوو، تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و پاراستنی سەروەری خاکی کوردستان کرا.

شیا کۆیی 

 

کۆیە-ئێوارەی دوێنێ ١٧ی کانوونی دووەم،  بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان، گردبوونەوەو ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی کورد لە ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای گردبونەوەکە لە پارکی خوشکە فریشتە دەستیپێکرد، پاشان ئامادەبووان بەڕێپێوانێکی هێمنانەو بەدەم دروشمی پشتیوانییەوە بەناو بازاڕی کۆیەدا ڕۆیشتن بۆ پارکی شەهیدانی قوڕەبەرازە، لە ناو ئاپۆرای گەلدا راگەیاندراوی پشتیوانی کۆیە لەلایەن سەرپەرشتیاری گردبوونەوەکە خوێندرایەوە، دواتر چەندین هۆنراوەو پەخشان خوێندرانەوە، بەوەش ئەرکێکی  نیشتیمانییان  بەجێگەیاند

 

ژیندا خەلیل، خەڵکی عەفرینە ولە شاری کۆیە نیشتەجێیە وتی: بۆ پشتگیری کردن لە ئەشرەفیەو شێخ مەقسودو دژی ئەو زوڵم ستەمەی دەکرێت هاتووینەتە ئێرە، هەتا ئەگەر ناساندی نەورۆز دەکات، بەڕاستی نەورۆز ناناسن، ئێمە بێدەنگ نابین لە بەرامبەر ئەوەی کەبەسەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دێت، بژی کوردو کوردستان.

 

سیدرا محمد، خەڵکی ڕۆژئاوا وتی: هەموو کاتێک لەگەڵ گەلی ڕۆژئاواداین و ئامادەین، ڕادەست نابین و هەرگیز ڕێگە نادەین کورد بکەوێت، کاتێک بینیمان شەڕڤانێکی ژن لە بیناکە خرایە خوارەوە، بەڕاستی جەرگی هەموومان ژان دەکات، ژنێکی ئازاو بەهێز بوو، ئێمە خۆمان نادەینە دەست دوژمنان، هەتا یەک دڵۆپ خوێنمان تێدابێت، شەڕ دەکەین.

 

سەروین عەلی، بەشداربوویەکی دیکەی گردبوونەوەکە وتی: وەک کوردێک وهاونیشتمانیەک وەک هاوزمانێک لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان، سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین، وەک شەهید زیاد حەلەب و دنیز و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی،  ئەوەی ڕودەدات لە ڕۆژ ئاوای کوردستان، تەنها هێرشێک نییە بۆ پارچەیەکی کوردستان بەڵکو تەواوی عەرەبی  داعش و عەشیرەتەکانی عەرەب و داگیرکاری تورکە کەچاویان بە سەربەرزی کورد هەڵنایەت، بەڵام باباش بزانن کورد هەمیشە لەسەر پێیە وناوەستێ تا دەگاتە ئامانج و سەربەخۆیی، بۆیە ئەرکە لەسەرشانی هەر یەکێکمان دەنگو هاوسۆزی دەربڕین بۆ کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، و یەک دەنگی لەو بارو دۆخە زۆر گرنگە بۆ کوردانی ڕۆژئاواو هەموو کوردستان.

 

سویل عوسمان، بەشداربووی گردبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد، دژی ڕژێمی ئەحمەد شەرعی داعش کە بەهاوکاری  ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هێرش دەکات بەشداری کردووەو وتی: ئێمە پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژ ئاوا دەکەین هەموو کات لەدڵمانن ئێمە داواکارین لە وڵاتانی وەک ئەمەریکاو هاوپەیمانان هیچیکە کورد کۆمەڵکوژ نەکرێت، چونکە دوژمنان دەست ناپارێزن لە ژن و منداڵ هەموی پێکەوە دەکوژن، کارەساتێکی گەورەبوو، تاوانیان چی بوو تەنژا کوردن و لەسەر ئاووخاکی خۆمانین خۆ ئێمە داگیرکاریمان نەکردووە، قبوڵیش ناکەین کەس غەدرمان لێبکات و کۆموڵکوژمان بکەن. لەکۆتاییدا هیوادارم خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا بگەن بەسەربەخۆیی و لەهەر چوارپارچەی کوردستان کورد بگات بە ئامانج چونکە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتێش خۆپیشاندان هەیە، هیوادارم بە ئاواتی خۆیان بگەن.