ژنانی کورد لە ڕووسیا پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەربڕی

ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ڕووسیا سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاەدراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: پشتیوانی لە گەلەکەمان دەکەین کە بە ئیرادەی خۆیان ژیانێکی ئازاد بنیات دەنێن.

ناوەندی هەواڵ 

 

ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ڕووسیا سەبارەت بە هێرشی هێزەکانی حکومەتی کاتی بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی ژنانی کورد بەم شێوەیەیە:

"لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە سیستەمی ئەو دەسەڵاتانەی کە بە زیهنییەتی پیاوسالاری دامەزراون، لە دژی ئیرادەی گەلی کورد و گەلی ئێران و بەتایبەتی لە دژی ژنانی کورد هێرشی توند پەرە پێ دەدەن. ڕژێمی توندڕەو کە مافەکانی مرۆڤ ناناسێت و هەموو یاساکان پێشێلدەکات، بەتایبەتی شارە کوردییەکان دەکاتە ئامانج و لە دژی ئیرادەی ژنان و گەلان کە چیتر ناتوانێت سیستەمی باڵادەستی خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە، هێرش دەکاتە سەر گەل، ژنان و منداڵان. ئێمە بانگەواز لە مافی مرۆڤ و هەموو ئازادیخوازان دەکەین کە ئەم نادادپەروەرییە قبووڵنەکەن.

 

لە هەمان کاتدا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب هێرشەکانی حکومەتی کاتی و چەتەکانی لەئارادایە. گەلی ڕۆژئاوای کوردستانمان بەتایبەتی گەلەکەمان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە ئیرادەی پۆڵایینی خۆیان ساڵانێک دژی داعشی دڕندە تێکۆشاون و بە ئیرادەی پۆڵایینی خۆیان ژیانێکی دیموکراتیک و ئەو ئیرادەیەیان بنیاتناوە کە خۆیان بەڕێوەبەرن و خۆیان بپارێزن. لە پێشدا هەموو گەلی کورد و مافی مرۆڤ، بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بۆ پاراستنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەپەلە بێنە دەنگ.

 

ئێمە بەتایبەتی هەم پشتیوانی لە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین کە بە ئیرادەی خۆیان ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد دەهێننە دی. ئەم هێرشە دڕندانەیە لەسەر گەلی کورد و ژنان شەرمەزاردەکەین. وەکو ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ڕووسیا ڕایدەگەیەنین کە لەگەڵتانین، پشتیوانی لە تێکۆشان و بەرخۆدانتان دەکەین.