ژنانی کورد هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی چوار پارچەی کورستان کرد
پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد بە بەشداریی نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لە سلێمانی بەڕێوە بردو جەختیان لە یەکڕیزی گەلی کورد کردەوە.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد و پلاتفۆرمی گشتی، بە بەشداریی نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بەڕێوە برد. لە تەوەرەی یەکەمی ئەم پلاتفۆرمەدا، دۆخی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان، ئاستەنگەکانی بەردەم دۆزی کورد و پێگە و مافەکانی ژنان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگی یەکێتیی نەتەوەیی و ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە پاراستنی دەستکەوتەکان و ناسنامەی کوردی کرایەوە.
لە بەشی یەکەمی گفتوگۆکاندا، بەشداربووان خوێندنەوەیەکی سیاسییان بۆ گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە دۆزی کورد لە قۆناغێکی هەستیاردا دایە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، پێویستی بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی هاوبەش و یەکگرتوویی زیاتر هەیە.
پێشەنگایەتی ژنان؛ لە سەرووی سنوورە حزبییەکانەوە
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ژنانی کورد لە ئاستی جیهانیدا بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش دەناسرێن و نابێت بە جیاوازیی جوگرافیایی و سیاسی لە یەکتر داببڕێن. بەشداربووان یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کوردیان بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی دانا و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشەنگایەتی ژنان دەبێت لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت،هەروەها ئاگادارییان دا کە ئەگەر ژنان بە توانای خۆیانەوە نەبنە پێشەنگی بڕیار و گۆڕانکارییەکان، ئەوا بەردەوامیی ئەقڵیەتی پیاوساڵار لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و بڕیارداندا دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان.
پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی دابەشکاری
سەبارەت بە دۆخی باشووری کوردستان، بەشداربووان دژی هەر جۆرە هەوڵێکی پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستان بوون و جەختیان لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی کردەوە، لەو پێوەندییەدا ئاماژەیان بەوە دا کە دابەشکردنی ستاتۆی هەرێم دەتوانێت بەرژەوەندیی هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە دابین بکات و چارەنووسی گەلی کورد بخاتە ژێر مەترسییەوە،لە هەمان کاتدا، داوا لە پارتی و یەکێتی کرا کە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی دابەشبوونی هەرێم خۆبپارێزن و بەرژەوەندیی گشتیی گەل بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکان. هەروەها ئازادی، دیموکراسی و یەکێتیی گەل وەک بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان باس کران،لەو چوارچێوەیەدا، پەیامی ڕێبەر ئۆجالان بۆ باشوور و پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی دیموکرات و بەشداریی کاریگەری ژنان لە بڕیارداندا خرایە ڕوو. هەروەها پەراوێزخستنی ژنان لە کایەی سیاسی باس کرا و پێشنیاری پێکهێنانی وەفدێکی ژنانیش کرا بۆ دیدار لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە بڕیارە سیاسییەکاندا.
ڕۆژئاوای کوردستان؛ پرۆسەی ئینتیگراسیۆن و مافی کورد
لە تەوەری تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا، پرسی ئینتیگراسیۆن و دۆخی ئیدارە و بەڕێوەبردن لە سوریا تاوتوێ کرا. بەشداربووان ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم پرۆسەیە هەستیار و ئاڵۆزە و پێویستی بە تێکۆشان و هەوڵی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی بوونی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لە سوریا بە فەرمی بناسرێت و مافەکانی لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا مسۆگەر بکرێن.
هەروەها جەخت کرایەوە کە دەستوورێکی کۆمەڵایەتی کە داهاتووی سوریا دیاری دەکات، دەبێت ماف و پێگەی کورد بپارێزێت و کوردیش لە ناوەندی بڕیارداندا شوێنی شایستەی خۆی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداربووان ئاماژەیان بەوە دا کە هەنگاوەکانی ئێستا هێشتا وەڵامی تەواوی خواست و ئامانجەکانی کورد نادەنەوە، بۆیە پێویستە بەردەوامی بە هەوڵە دیموکراتییەکان و پرۆسەی ئینتیگراسیۆن بدرێت.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ سەرکوت و هەڕەشە لەسەر ماف و ئازادییەکان
لە بەشی کۆتاییی گفتوگۆکاندا، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، لەگەڵ سەرکوتی بەردەوام دژی کورد، بوونە تەوەری باس. بەشداربووان ئاماژەیان بە ئاماری لەسێدارەدانی ٦٩١ کەس لە نەتەوە جیاوازەکان و دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک ژنی کورد کرد و ئەم هەنگاوانەیان بە نیشانەی ترس لە دەنگی ئازادیخوازان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە کرد.
هەروەها جەخت کرایەوە کە فشارە دەرەکییەکان بە تەنها ناتوانن ببنە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕژێم و پشتگیریکردن لە دەسەڵاتیش دەتوانێت مەترسیی زیاتر بۆ سەر کورد دروست بکات، بۆیە پێویستە کورد پرۆژەیەکی ڕوون و سەربەخۆی هەبێت بۆ پاراستنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی و گەیاندنی دەنگی گەلان و بە تایبەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاستی جیهان،لە کۆی ئەم گفتوگۆ و تاوتوێکردنانەدا، یەکێتیی نەتەوەیی، دیموکراسی، پاراستنی قەوارەی کوردستان و بەشداریی کاریگەری ژنان لە بڕیاردانی سیاسی، وەک بنەما سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە خرانە ڕوو.
سازگار عەبدوڵا، چالاکوانی ژنان وتی: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە زیاتر تیشکی خستە سەر ڕەوش و بارودۆخی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، هەروەها تاوتوێکردنی دۆزی نەتەوەیی کورد و ئەوەی لە ئێستادا لە کوێدایە و بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات. لە هەمان کاتدا، شەڕ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و ملمـلانێ جیهانییەکان و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش لە بابەتە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە بوون، لە سەرەتای ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا، هیوادار بووین باشوور ببێتە چەقێکی بەهێز و کۆڵەکەیەکی پتەو بۆ پارچەکانی تری کوردستان، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی حکمرانیی حزبەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە تێپەڕبوونی کات زیاتر دەردەکەوێت کە پابەندی بە ڕێککەوتنەکان و پرسە نەتەوەییەکان لە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە حزبی و تەسکەکاندا لاواز بووە و کێشە و ناکۆکییەکانیش لە نێوانیاندا زیاتر بوون، سەرەتا و کۆتایی ئەم ناکۆکی و ملمـلانێ سیاسییانە، خەڵکی هەرێمی کوردستانن کە باجەکەی دەدەن و دواتر بە شێوەیەکی قورس ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی دەبنەوە. لەبەر ئەوە، لەم بارودۆخەدا پێمان باش نییە هیچ جۆرە کەرتبوون و دابەشکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات. ئێمەش کار دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆمان هەبێت لە پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان و ڕێگە نەدەین دابەشکاری ڕووبدات.
فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئامانج لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد، کە نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار بەشی کوردستان و ژنانی تاراوگەی تێدا بەشدارن، ئەوەیە کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەکادیمییەکان، سەرۆک و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی ژنان، بە جیاوازیی بیروڕا و دیدگا، کۆبکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گیانی نەتەوەیی و دۆخی سیاسیی پارچەکانی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا هەوڵ دەدرێت ڕۆڵ و دەنگی ژنان لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەهێز بکرێت، هەروەها بەشداربن لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی لەم بوارەدا بەدەستهاتوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتی سیاسی و چالاکییەکانی پلاتفۆڕمەکە و پێشنیار و بۆچوونی ژنانی باشوور و باکوور و پارچەکانی تری کوردستان تاوتوێ دەکرێن، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی زیاتر دروست بکرێت و ڕێگەچارە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان و دیاریکردنی هەڵوێستی هاوبەش لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان بدۆزرێتەوە.
ئەوەشی ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسیی چەقبەستوو لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی هەرێم، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر نەهێشتنی ناعەدالەتی و نادادپەروەری و پەرەپێدانی شەفافیەت. هەرچەندە بیروڕا و دیدگا جیاوازەکان لەسەر ئەم بابەتانە هەن، بەڵام پێویستە وەک نەتەوەیەک هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت و بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بگەڕێینەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەی کێشە و ناکۆکییان هەیە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسی و دەستوورییە کە هەزاران شەهید بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دراوە، بۆیە پێویستە ڕەهەندە سیاسی و دەستوورییەکانی ئەم قەوارەیە لەبیر نەکرێن و بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.