ژنانی کۆبانی: یاسای دەستووری نوێی دیمەشق مافەکانی ژنان گەرەنتی ناکات

ژنانی کۆبانی لە کانتۆنی فورات لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕەخنەیان لە ڕەشنووسی دەستووری حکومەتی کاتی سووریا گرت و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم دەستوورە لەسەر بنەمای هۆشیاری و عەقڵیەتی جیهادی و نەتەوەیی دامەزراوە و هەرگیز قبووڵی ناکەن.

ئێلڤین محەمەد

 

 کۆبانی- لە ١٢ی ئاداردا، حکومەتی کاتی سووریا ڕەشنووسی دەستووری خۆی ڕاگەیاند، ناوەڕۆکەکەی بە تایبەتی ژنانی سووریای توڕە کرد، بەتایبەت ئەوانەی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان، چونکە ئەم دەستوورە مافی گەلان و ژنانی زامنی نەکرد.

 

حکومەتی کاتی سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپی جیهادی تەحریر شامدایە، لە مانگی ئاداردا ڕەشنووسی دەستووری سووریای ڕاگەیاند. ئەم یاسایە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوانی گرووپە جیاجیاکان بووەوە و بە ڕەتکردنەوە و ناڕەزایی توندی هۆز و گرووپە جۆراوجۆرەکانی سووریا بەرەوڕوو بووەوە. هەر لەو پێوەندییەدا ژنانی شاری کۆبانی لە کانتۆنی فورات لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

 

سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی ئەم دەستورە، خەنەف بوزان وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، سووریا گۆڕانکاری و هەڵچوونی بنەڕەتیی بەسەردا هات و گروپە جیهادییەکانیش کە ئێستا دەسەڵاتیان لە سووریادا بەدەستەوەیە خۆیان وەک حکومەتێکی کاتی ڕاگەیاند. لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاریانە، ڕەشنووسی دەستووری سووریا ڕاگەیەندرا و بڕگەکانی لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی جیهادی و نەتەوەیی و ناوەندگەرایی داڕێژراون. ئەگەر ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت دیسانەوە ڕووبەڕووی سیستەمێک دەبینەوە کە تەنها یەک زمان و ئاڵا و نەتەوە هەڵدەبژێرێت و ئەمەش ڕێگری لە چارەسەرکردنی قەیران و ململانێکانی سووریاش دەکات.

 

جەختیشی کردەوە کە نەبوونی بڕگەی پەیوەندیدار بە مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێدا، لەجیاتی سەرکوتکردنی مافەکانیان، دەبێتە هۆی ئەوەی: "وەک ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم دەستوورە قبووڵ ناکەین، چونکە نوێنەری فرەنەتەویی سووریا نییە". بۆیە دەبێت بگۆڕێت، چونکە مافی ژنان و هەموو نەتەوە و گروپەکان بە مافەکانی زمان و کولتوور و شوناسەوە بە تایبەت مافی ژنان زامن ناکات. ئێمە ساڵانێکە خەبات دەکەین بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانمان لە دەستووری فەرمی سووریادا بناسرێت، چونکە ژنان لە هەموو بوارێکدا ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە و دەبێت هەموو تایبەتمەندی و مافەکانیان پارێزراو بن.

 

لە لایەکی دیکەوە ناز سەعید جەختی لەوە کردەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، مافی ژنان نەپارێزراون،دەشڵێت:"دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا کە بە عەقڵیەتی نەتەوەیی و هەستکردن بە هەژموونی پیاوسالارییەوە کۆمەڵگەی بەڕێوەدەبرد، هیواکانمان بۆ ئایندەیەکی دیموکراتی و ئازاد و یەکسان زیاتر بوو، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم دەستوورە، بۆمان دەرکەوت کە ئایندەی سووریا خراپتر دەبێت". بۆیە پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ خۆبەڕێوەبەری کە گەرەنتی سووریایەکی لامەرکەزی و دیموکراسی دەکات، زامنی مافەکانی ژنان و هەموو گەلانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەگەر دەستووری سووریا وەک خۆی بمێنێتەوە، ئێمە قبوڵ ناکەین و دەبێت دەستبەجێ گۆڕانکاری بەسەردا بکرێت.