ژنانی گەنج و گەنجانی شەنگال بۆ کامپی مەخمور لەسەر پێن

ژنانی گەنج و گەنجان و هاوڵاتیانی شەنگال دژی بۆردومانکردنی کامپی مەخمور و هەبوونی بارەگای سوپای تورکیا لە باشوری کوردستاندا ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی و یەکێتی گەنجانی ئێزدی و بە بەشداری خەڵکی شەنگال لە دژی هەبوونی بارەگای سەربازی دەوڵەتی تورکیا و هێرش کردنە سەر باشوری کوردستان و هاوکاریکردنیان لە ناوخۆوە، هەروەها بۆ ئیدانەکردنی هێرشی سەر کامپی مەخمور ڕێپێوانیان سازکرد.

 

ڕێپێوانەکە لە ڕێگای سنونێ تا باخچەی سەرۆکایەتی لە دۆڵی کەرسێ بۆ ماوەی ٨ کیلۆمەتر بەردەوام بوو، لە ڕێپێوانەکەدا هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە بۆ گەمارۆدانی ناوچەی گەریلا و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا ئیدانەکرا و ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن جەلیلا مەتۆ خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوکارە نێودەوڵەتییەکانی و پەدەکە بۆسەر چیا ئازادەکان بە تایبەتی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین شەرمەزار دەکەین، پەدەکە بووەتە کلکی ئەردۆغان و لە خەتی ئاکەپە-مەهەپە دایە، هێزە نێودەوڵەتیەکانیش کە پێگە و هەبوونی مسۆگەربووی گەلی کوردیان پێی هەزم ناکرێت، پشتگیریی ئەم هێرشانە دەکەن، بەڵام ئەگەر هەموو دەوڵەتەکانیش هێرش بکەنە سەر گەریلا، ناتوانن لە بەرامبەر بەرخۆدان و ئیرادەی گەریلا سەربکەون.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کرابوو: وەک گەنجانی ئێزدی هێرش بۆسەر گەریلا و ڕێبەر ئاپۆ بە هێرش بۆ سەر خۆمان و کۆمەلگای ئێزدی دەبینین و گەل و گەریلا یەکێکە و شەڕی گەریلا، شەڕی ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێرییە، بۆیە ئێمە ئامادەین لە پاڵ گەریلادا شەڕی داگیرکەران بکەین و بەرخۆدان بکەین و گیانمان فیدا بکەین، ئێمە دەڵێین  گەریلا بە ڕۆحی بەرخۆدانی گارە سەردەکەوێت و زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکاتە گۆڕستان، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو ژنان و گەنجانی ئێزدی و هەموو کوردستان دەکەین، وەرن با پێکەوە بە گیانی بەرخۆدانی گارە و شەڕی گەلی شۆڕشگێری، خاوەنداری لە گەریلا بکەین.

 

ت.پ