ژنانی گەڕەکی سیمی خاتووناوای هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە توندوتیژییان بەرامبەر کرا

لە گەڕەکی سیمی خاتووناوای هەولێر، بەهۆی ڕێگری کردنی هاوڵاتیان لە بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا، گرژیی لە نێوان هاوڵاتیان و هیزە ئەمنییەکان دروست بوو، ژنانی ئەو گەڕەکەش دەڵێن: "هێزە ئەمنیەکان دەستیان لێ بەرز کردینەوە و پەلاماریان داین و هەڕەشەیان لێکردین".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٤ی تشرینی یەکەم، بۆ دووەم جار لە لایەن هاوڵاتیانی گەڕەکی سیمی خاتووناوای هەولێر ڕێگری کرا لەوەی کە پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ گەڕەکەکە ببەسترێت، بەوهۆیەوە گرژیی و ئاڵۆزیی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و دانیشتووانی سیمی خاتووناوا دروست بوو.

ژنانی گەڕەکی سیمی خاتووناوا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتیان: "هێزە ئەمنییەکان پەلاماریان داین و هەڕەشەیان لێکردین کە دەماندەن بە دادگا، قسەی نەشیاویان پێوتین، ئێمە لە گەڕەکەکەدا نەخۆشخانە و خوێندنگەمان نییەو تەنها داوای قیرکردنی کۆڵانەکان دەکەین".

ژنێکی تر بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، واز لە داواکارییەکانیان ناهێنن و بەردەوام دەبن تا بەرپرسان دێنە سەرخەت و وەڵامی داواکارییەکانیان دەدەنەوە.