ژنانی عەفرین: هیچ شتێک بەقەد خاکی مرۆڤ پیرۆز نییە
دوای ٨ ساڵ، دوێنی ٤٠٠ خێزانی عەفرین گەڕانەوە بۆ عەفرین. سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ عەفرین، ژنانی عەفرین وتیان: گەڕانەوە بۆ عەفرین دەرئەنجامی ٨ ساڵ بەرخۆدان و خەباتە.
حەسەکە
دوێنی سەدان خێزانی ئاوارە لە عەفرین لە دەروازەی باشووری شاری حەسەکە "پانۆراما" گردبوونەوە بۆ گەڕانەوە بۆ گوند و شارەکانیان. گەڕانەوەی ئاوارەکان لە عەفرین لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدەو دیمەشق ئەنجامدرا.
هەموو ئامادەکارییە کردارییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە لایەن ئەنجومەنی ئاوارەکانی عەفرین-شەهبا ئەنجامدرا. ئاوارەکان لە قامیشلۆوە بەڕێکەوتن و گەیشتنە شاری حەسەکە و لەوێشەوە بەرەو عەفرین بەڕێکەوتن.
"هیوای ساڵانێکی زۆر ئەمڕۆ بەدی دێت"
دلارا خەڵکی جندرێسی عەفرینە، زۆر دڵخۆشە بە گەڕانەوەی بۆ سەر خاک و ماڵەکەی. دلارا بەم قسانە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت: ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەین. ئێستا کە ئەو ساتانەی گەڕانەوە هاتنە دی، ئەمەش دڵخۆشمان دەکات. هیچ شتێک لە خاکی مرۆڤ پیرۆزتر نییە، هەروەها پشیلەکەم لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ ئەوەی جوانی و سۆز و خۆشەویستی عەفرین ببینێت.
"ئێمە پێکەوە عەفرینەکەمان ئاوەدان دەکەینەوە و سروشتی گەش دەکەینەوە"
ئامینە حسێن، لەلایەک دڵخۆشە بە ڕۆیشتن، بەڵام لەلایەکی دیکەش باسی ئەو سەختییانە دەکات کە لە کۆچەکەیدا تووشی بووە و وتی: بەرەنگاری هەموو سەختییەک بووینەوە. لە کاتی پرۆسەی کۆچکردندا چەندین سەختیمان بەخۆوە بینی، بەڵام هیوامان لەدەستنەدا. پارەیەکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ڕۆژێک بە پارێزراوی بگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان، ئەمڕۆ بە بینینی دار زەیتون چاوەکانمان گەشاوە دەکەین. لە عەفرین پێکهاتەکانی تر هەن، پێکەوە دەژین، بە تێگەیشتنێکی دروست ژینگەی عەفرین زیندوو دەکەینەوە و ئاوەدان دەکەینەوە. هیوادارین بگەینە عەفرین و بە پارێزراوی لەوێ بژین.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، کاروانێکی تری ئاوارەکانی عەفرین لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەگەنە عەفرین.