ژنانی عەفرین بانگەواز دەکەن: شوێن کوشتنی شیرین ئۆسۆ بکەون
ژنانی عەفرین دانیشتووی شاری قامیشلۆ، کوشتنی شیرین ئۆسۆیان شەرمەزار کرد و داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و نێودەوڵەتی کرد، بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان بکەن و فشار بکەن بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدیبهێندرێت.
قامیشلۆ
شیرین ئۆسۆ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ بوو. لە گوندی ئاشکان خەربی سەر بە جندرێسی عەفرین کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانیدایە لە ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا. شوێنەواری لێدان و ئەشکەنجەدان لەسەر تەرمی شیرین ئۆسۆ دۆزرایەوە، ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێکی توڕەیی لای ژنان و دەنگێکی بەرزی لێکەوتەوە.
ژنانی عەفرینی دانیشتووی شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە کوشتنی شیرین ئۆسۆ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو بە زمانی کوردی لەلایەن ڕزگار لولو، ئەندامی ئەنجومەنی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا و بە زمانی عەرەبی لەلایەن سورەئا مستەفا، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" خوێندرایەوە.
"ئەوەی ڕوویدا کوشتنێکی دڕندانە بوو"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کوشتنی شیرین ئۆسۆ ڕووداوێکی گۆشەگیر و کردەوەیەکی هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو تاوانێکی پێشوەختە بووە، و تێیدا هاتووە: ئەنجامی زنجیرەیەک فشار و توندوتیژی خێزانی و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییە کە لەسەر دەستی هاوژینەکەی و خێزانەکەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی عەقڵیەتێکی پیاوسالاری کوشندە و بێدەنگییەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی کە ڕێگەی پێداوە ئەم پێشێلکاریانە بەردەوام بن ئەوەی ڕوویدا کوشتنێکی دڕندانە بوو سەرەڕای هەوڵە ئاشکراکان بۆ ساختەکردنی ڕاستییەکان و خۆدزینەوە لە پشت بیانووی درۆی ئەوەی کە پێی دەوترا "شەرەف"، کە پێشێلکردنی ڕوونی مافی ژیان و کەرامەتی ژنانە.
"بەردەوامبوون بەم ڕێبازە دەبێتە هۆی قوربانی و ئازاری زیاتر"
ئەو ژنانە ڕایانگەیاند کە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم تاوانە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە بە ئازارەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەتایبەت لەو خاکە داگیرکراوانەی کە بێ سزایی بەربڵاوە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی و کوشتن، لەبری ئەوەی تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. بەردەوامبوون لەم ڕێبازە دەبێتە هۆی قوربانی و ئازاری زیاتر، ئێمە داوا دەکەین هاوژینی زیانبەرکەوتووەکە و خێزانەکەی، وەک ئەوانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژی و کوشتن تاوانەکە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە بەرپرسانی ئاسایش و دادپەروەری لە جندرێس ئاگادار دەکەینەوە کە چیرۆکی خۆکوشتن یان هەر بیانوویەکی کۆمەڵایەتی قبوڵ نەکەن کە ئامانجی شاردنەوەی ڕاستییەکان بێت ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە تەرمی زیانبەرکەوتووەکە بخرێتە بەردەم لیژنەیەکی پزیشکی دادوەری سەربەخۆ و بێلایەن بۆ ئەوەی بتوانرێت بارودۆخی تاوانەکە بە تەواوی ئاشکرا بکرێت.
بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بکەن
ئەو ژنانە ڕایانگەیاند کە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادەن بۆ داخستنی دۆسیەکە لە ڕێگەی سازان یان ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی و دەڵێن: خوێنی ژنان بابەتی موزایەدە و گرێبەست نییە، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و فێمینیستەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکە بکەن، فشارێکی جددی بخەنەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی پاراستنی ژنان، بەتایبەتی لە ناوچە داگیرکراوەکان و لە سەرتاسەری سوریادا یاسای توند و دادپەروەرانە کە توندوتیژی خێزانی و کوشتنی ژنان بە تاوان دەزانێت و گەرەنتی ئەوە دەکات کە تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نابێت.
"ژن ژیانە، ژیان مەکوژە"
ئەو ژنانە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بە یەک دەنگ وتیان: پێویستی بە دەستوەردانی دامەزراوە یاسایی و مافی مرۆڤی سەربەخۆ هەیە بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کە لە ژێر هەڕەشەدان، بۆ دەستەبەرکردنی بەشداری ڕاستەقینە و کاریگەرانەی ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە بونیادنانی سووریایەکی نوێ، سووریایەکی دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی، لە ئازاری شیرین و لە ئازاری هەموو ژنانەوە دەنگمان بەرز دەکەینەوە: ژن ژیانە، ژیان ناکوژێت، نەخێر بۆ کوشتنی ژن، بەڵێ بۆ دادپەروەری، بەڵێ بۆ پاراستنی ژن، بەڵێ بۆ سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک کە کەرامەتی مرۆڤ بەبێ جیاوازی پارێزراو بێت.