ژنانی چالاكوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی سزایەکی جیاواز دەبنەوە

سزادانی ئەو ژنانەی کە دژی باڵاپۆشی زۆرەملێ تێکۆشان دەکەن لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سزای پچڕانی سیمکارتەکانیان دەبنەوە و لەوچوارچێوەیەشدا، دوو ژن لە ئێران لەسەر سزاکەیان هاتنە دەنگ.

ناوەندی هەواڵ

 

پەریسا ساڵحی، ڕۆژنامەنووس و زیندانی سیاسیی پێشووی ئێران، لە پێگەی ڕەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: سیم کارتی مۆبایلەکەم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەکار کەوتووە و چالاکییە ڕۆژانەکەمی پەکخستووە، پچڕانی پەیوەندییەکانی کێشەی لە کاروباری کارگێڕی و کاردا درووستکردووە.

 

هەروەها دونیا ڕاد، سەرپەرشتیاری شانۆ و کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێگەی ڕەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام ڕایگەیاند: لە مانگی تشرینی یەکەمەوە سیمکارتەکەم بلۆککراوە.

 

هاوكات، دنیا ڕاد یەکێک لە بەشداربووانی شۆڕشی''ژن، ژیان، ئازادی'' بوو، کە بە سیمبولەکانی ئازایەتی ژنانی گەنج دانرا.

 

هەروەها، پچڕانی دەستبەجێ و ڕانەگەیەندراوی سیم کارتەکان بۆ ژنانی دژایەتی باڵاپۆشی زۆرەملێ یەکێک لە سیاسەتەكانی ڕژێمی ئێرانە کە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی خۆیان بەبێ پابەندبوونیان بە باڵاپۆشی دەیگرێتەبەر.

 

جێگای ئاماژەیەو بڵاوبوونەوەی ئەم پرسە کاردانەوەی لە نێو ژناندا لێکەوتووەتەوە کە ڕووبەڕووی هەمان كار بوونەتەوە.