ڕاپۆرت: لە ماوەی مانگی ئابدا ٨٢ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگی ئابدا ٨٢ حاڵەتی لەسێدارەدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕوویداوە و تەنها ١٠ لەسێدارەدانیان بە فەرمی ڕاگەیاندراوە، بەمەش کۆی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەگاتە ٥٣٢ کەس.
ناوەندی هەواڵ
زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ لە پەرەسەندندایە، بەو پێیەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەی سزاکانی جێبەجێکراو بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتداران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان سوودی لێ وەردەگرن.
لە ڕاپۆرتێکدا، کە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە ٤٠ کەس لەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون بە تاوانی کوشتن، ٣٤ کەس بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و هەشت کەسیان بە تاوانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی سزا دراون، لە کۆی ٨٢ لەسێدارەدان کە لە مانگی ئابدا ئەنجامدراون، تەنها ١٠ لەسێدارەدانیان بە فەرمی ڕاگەیەندراون، لە کاتێکدا ٧٢ لەسێدارەدانی دیکە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی سەربەخۆ بەڵگەدارکراون.
لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا ژمارەی لەسێدارەدانی تۆمارکراو لە ئێران لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب لانیکەم گەیشتە ٥٣٢ کەس کە ١٨ ژن و ٣١ خۆپیشاندەر و لانیکەم ١٨ کەسیان ڕەگەزنامەی ئەفغانی و چەندین ئەندامی کەمینە نەتەوەییەکان بوون.
مەرزیە نیری لە ڕیزی ئەو ژنانە بوو کە مانگی ڕابردوو لە سێدارە دراون، بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بە ناچاری هاوسەرگیری کردووە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سە، ئەو ژنە لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا کە بە وتەی خۆی هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری دەدات، بە چەقۆ هاوژینەکەی کوشتووە، دادگاش بانگەشەی بەرگریکردن لە خۆپاراستنی ڕەتکردەوە.، مەرزیە نیری دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە زیندانی ناوەندیی قەزوین لەسێدارە درا.