"ژنان گەورەترین زیانبەرکەوتووی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری بون لە ماوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا"
دامەزراوەی ڤیژن ئەنجامی توێژینەوەی "زانیاریی ناڕاست و چەواشە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان" و راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەی "عێراق فلتەر"ی بڵاوکردەوە ک ژنان گەورەترین زیانبەرکەوتووی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری بون لە ماوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
ناوەندی هەواڵ
دامەزراوەی ڤیژن ئەنجامی توێژینەوەی "زانیاریی ناڕاست و چەواشە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان" و راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەی "عێراق فلتەر"ی بڵاوکردەوە کە لەلایەن ئارام سەعید و د. هەژان خالید ئامادەکراوە و پشتی بەستوە بە راپرسی لەگەڵ ٥٠ کاندید و پارلەمانتاری نوێ و پێشو؛ ٣٨.٦٪ـی کاندیدەکان رایانگەیاندوە کە لەلایەن "حزبی سیاسی رکابەر”ـەوە زانیاری ناڕاست و چەواشەیان لەسەر بڵاوکراوەتەوە بۆ لێدان لە کەسایەتییان، خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ٨٪ـی کاندیدەکان لەلایەن "حزبەکەی خۆیانەوە" ئەم کارەیان بەرامبەر کراوە.
توێژینەوەکە ئاشکرایکردوە کە ٩٤٪ـی بەشداربوان پێیان وایە زانیاری چەواشە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبوە، دەربارەی کاریگەرییەکە لەسەر ژنان، توێژینەوەکە دەڵێت: ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شەرەف و کەسایەتی کاندیدانی ژن، بریتییە لە ساردکردنەوەیان لە پرۆسەی سیاسی و ناچارکردنیان بە پاشەکشە.
بەشێکی دیکەی توێژینەوەکە تایبەتە بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان، تێیدا دەرکەوتوە کاندیدەکان "هەڵەی ستراتیژی"یان کردوە.
سەرباری ئەوەی پلاتفۆرمی (تیکتۆک) زۆرترین گەنجی تەمەن ١٦ بۆ ٢٤ ساڵ لەخۆدەگرێت و زۆرترین چەواشەکاری تێدا دەکرێت، بەڵام تەنها ٦٪ـی کاندیدەکان گرنگییان پێداوە، لەبەرامبەردا ٨٤٪ـیان تەنها فەیسبوکیان بەکارهێناوە.
سەبارەت بە ڕووبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە، توێژینەوەکە دەریخستوە: کاندیدان متمانەیان بە رێکارەکان نییە، بەجۆرێک تەنها ٢.٨٪ـی ئەوانەی هێرشیان کراوەتە سەر، پەنایان بۆ دادگا و رێکاری یاسایی بردوە، هەروەها ٨٦٪ـیان لە ئەدای کۆمیسیۆن رازی نیین لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دیاردەیەدا.