چوار ژنی کورد لە تایلاند بەشداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکەن
چوار ژنی کورد کە ئەندامی لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن "IAWRT"ن، ماوەی سێ ڕۆژە بەشداری کۆنفرانسی کۆمەڵەکەن کە بە ناونیشانی "دادپەروەری جێندەریی لە جیاهنێکی ناکۆکدا" لە تایلەند بەڕێوەدەچێت.
سلێمانی
کۆنفرانسی ٤٠هەمینی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن "IAWRT" لە تایلەند ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامەو ئەمڕۆ کۆتایی دەێت، کە بە ناونیشانی "دادپەروەری جێندەریی لە جیاهنێکی ناکۆکدا" "Gender Justice in a Conflicting World" تیشکدەخاتە سەر جیاکاری ڕەگەزی و گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسانی ژن لە جیهانداو بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە کۆمەڵەکە ئەندامەکانی تێیدا هەیە.
ئاواز سەلیم، سەرۆکی لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن بۆ ئاژانسەکەمان وتی: لەم کۆنفرانسەدا نزیکەی ٣٥ ژنی ڕۆژنامەنووس لە زیاتر لە ١١ وڵاتەوە "عێراق، هیندستان، پاكستان، ئەفگانستان، ئوسترالیا، فلیپین، تایلەند، نیپاڵ، زیمبابۆی، بەریتانیا، نەرویج" بەشدارن و باس لە پیشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن لە وڵاتەکانیاندا دەکەن، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە جەنگ و نادادپەروەری بەردەوامەو ڕۆژنامەنووسان لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
لاڤە کوردە، وتەبێژی کۆمەڵەکە وتی: کۆمەڵەکە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق ١٢ ئەندامی هەیەو لە ئێستادا چوار ئەندام لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری کۆنفرانسەکەن لە تایلەند، لەپاڵ باسکردن لە پیشێلکارییەکان و گرفتەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کوردستان و عێراق، باس لە تەواوی جیاکارییە ڕەگەزیی و کیشە یاساییەکان لە بەرامبەر ژنان بە گشتی دەکەن، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی کە بە یاسا لە عێراق بەرامبەر ژنان داندراوە بە ژنانی جیهان بگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە جیهانییەو ١٤ لق و زیاتر لە ٤٠٠ ئەندامی لە ٥٤ وڵاتدا هەیە، پابەندە بە بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژنان و بەشداریکردن لە راگەیاندندا، بەو پێیەی یەکسانی جێندەری بەبێ نوێنەرایەتی یەکسان لە بواری راگەیاندن و پەیوەندیکردندا بەدی نایەت.