"ژنان بونیادنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان"

ڕۆژنامەنووس یارا محەمەد لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژنان بونیادنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان.

ناوەندی هەواڵ

 

یارا محەمەد، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە گرنگی ڕۆڵی ژن لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا تیشکی خستووەتەسەر پێگەی ژن لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

یارا محەمەد نووسیوویەتی: هەروەک لە مادەی دووی دەستووری کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هاتووە، ئیدارەکە پەیوەستە بە سیستەمی دیموکراسی و ژینگەپاڕێزی و ئازادیی ژنان.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە ئازادیی ژنان دەبەستێت بۆ بونیادنانی سیستمەکەی و ناکرێ خۆبەڕێوەبردن بونیاد بنرێت بەبێ ئازادی ژن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٢ ساڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنان سەریهەڵداوە و ئەم شۆڕشە بە یەکێک لە جوڵانەوە ڕزگاریخوازە هەرە دیارەکانی سەردەمی ئەمڕۆ دادەنرێت، بەو پێیەی ژنانی کورد لە پێشەنگی ڕووداو و چالاکییەکاندا بوون لە دژی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی، کە هەوڵی سنووردارکردنی ئیرادەی ژنان و لێسەندنەوەی ناسنامە و جەوهەریان دەدات، لەوکاتەی سەریهەڵدا جوڵانەوەیەک نەبووە تەنیا بەرەنگاری هەڵاواردنی ڕەگەزیی ببێتەوە، بەڵکو جوڵانەوەیەکە داوای ئازادیی و دیموکراسی و مافی مرۆڤی بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات.

هەروەها یارا ئەوەشی خستووەتەڕوو، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژائاوا لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی دامەزراوە، لەوانە یەکسانی ڕەگەزی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادیی و دیموکراسی و پاراستن و پێشخستنی فرەچەشنی کولتووری لە ناوچەکەدا، و ڕێزگرتن لە هەموو زمان و کولتوور و ئایینەکان.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە درێژەی وتارەکەیدا نووسیوویەتی: ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە بەرگریکردن لە ڕۆژائاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعش و گروپە چەکدارەکانی تر، بەشداری ژنان تەنیا لە لایەنی سەربازیدا سنووردار نەبوو، بەڵکو لە ژیانی سیاسیشدا چالاک بوون.

 

هەروەها ڕوونیکردووەتەوە، ژنان چەندین ئەنجوومەن و لیژنەیان دامەزراندووە کار بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکە دەکەن، ئەوان پۆستی سەرکردایەتییان لە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە، لەوێ بەشداریان کردووە لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیاردان بەشێوەیەک کە کاریگەری لەسەر ژیانی هەمووان هەبێت.

 

لە کۆتایشدا باسی لەوەکردووە، ئیدارەی خۆبەرێوەبەر بەردەوامە لە بەهێزکردنی ژنان و قوربانیدانەکانیان بەرز دەنرخێنێت، پڕۆژەی ئیدارەکە داواکارییەکانی ژنان بۆ ئازادیی و گۆڕانکاریی جێبەجێ دەکات، و دەیانپارێزێت و بەرگرییان لێدەکات.