ژنان بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ فێری بەکارهێنانی چەک دەبن
لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان بە ڕۆحی ئەو سەفەربەرییەوە کە لەلایە خۆبەڕێوەبەرییەوە ڕاگەیەندرا، خولێکی پەروەردەی ژنانی بۆ بەکارهێنانی چەک ڕێکخست.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ- لەگەڵ زیادبوونی هێرشی داگیرکاری و جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک سەفەربەریی گشتی ڕاگەیاندبوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنانی کانتۆنی جزیرە خولێکی پەروەردەیان لەسەر بەکارهێنانی چەک کردەوە.
ڕابیعە عیسام، بەڕێوەبەری هێزی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە سەبارەت بە پەروەردەی چەک بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.
"ماوەی چوار ڕۆژە چەک کراوەیە"
ڕابیعە عیسام باسی لە دەستپێکردنی خولی پەروەردەی چەک کرد و ئامانجی خۆیانی بۆ ئەم پەروەردەیە بەم شێوەیە ڕوونکردەوە: لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە چوارچێوەی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان خولی پەروەردەی چەکمان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی هاوڕێ ژنەکانمان فێربن چۆن چەک بەکاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان و گەڕەکەکانیان و شارەکانیان، کاتێک دەڵێین پاراستن، نەک هەر بە چەک خۆمان دەپارێزین، دەبێت لە هەموو لایەکەوە خۆمان بپارێزین، هەروەها پێویستە خۆمان لە هزری جۆراوجۆر بپارێزین، چونکە لەم کاتەدا چەندین جۆری شەڕ لە ناوچەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچێت، شەڕی تایبەت لە ڕێگەی راگەیاندنەوە بەڕێوەدەچێت، چەندین وێنەی نادروست بڵاودەکەنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئێمەی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان خۆمان ڕێکدەخەین لەسەر بنەمای پەروەردە، ئەم ئەرکە دامەزراندنی سیستمی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانەیە لەناو کۆمەڵگەدا، ئێمە تەنها بە ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان پەروەردە نادەین، بەڵکو دەچینە ناو دامەزراوە و ناوەندەکانەوە، پەروەردەیان پێدەدەین و ڕێکیان دەخەین.
'بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ خۆتان ڕێکبخەن'
ڕەبیعە عیسام سەرنجی بۆ ئەو سەفەربەرییە ڕاکێشا کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەرییەوە ڕاگەیەندرا و وتی: شەڕ لە بەنداوی تشرین بەردەوامە، زۆرێک لە ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان پەیوەندییان بەو کاروانانەوە کرد کە بۆ پشتیوانیکردن لە شەڕڤانانی قەسەدە دەچوونە بەنداوی تشرین، هەموویان بە شێوەیەکی ڕێکخراو تا ئەمڕۆش لە تەنیشت شەڕڤانەکانیان لە بەنداوی تیشرین وەستاون، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک سەفەربەریی ڕاگەیاند و ئێمەش وەک هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی ژنان پەیوەندیمان پێوە کرد، ئێمە دەست لەناو دەست لەگەڵ هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە هاوکاری دەکەین، ئێمەی ژنان لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ پەروەردە کراوین، تا کۆتایی لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکەین، خۆمان بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانە ڕێکدەخەین و خۆمان پەروەردە دەکەین.
'"هەر تیپێک لە ١٠ ژن پێکدێت"
هەروەها ڕەبیعە عیسام بەرنامەی پەروەردەی ڕاگەیاند و ڕوونیکردەوە کە چەند ژن بەشدارییان کردووە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: کاتێک دەست بە پەروەردەکان دەکەین، تیم پێکدەهێنین، هەر تیمێک لە ١٠ ژن پێکدێت، ئێمە ئەوەندە ژمارەکە زیاد ناکەین تاکو ئەو ژنانەی پەروەردەکە وەردەگرن لەو پەروەردەیە تێبگەن و سوودمەند بن، ئامانجمان لەگەڵ ئەم پەروەردەیە ئەوەیە کە هەموو ژنێک خۆی دیاری بکات، ئاگاداری خاک و نیشتمانەکەی بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە وڵاتێکی ئارام و ئازاددا بژین، داوا لە هەموو ژن و پیاوەکانمان دەکەین بەشداری سەفەربەریی بکەن، هاوکاری هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدەمان بکەن، بە یەکگرتوویی بوەستین، بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانمان.