نەتەوە یەکگرتووەکان: خەڵکی کۆبانێ و مەنبج بەهۆی شەڕەوە بێ ئاو ماونەتەوە

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕەوە ٤٠٣ هەزار کەس لە کۆبانی و مەنبج بێ ئاو ماونەتەوە.

 ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتی بۆ سەر بەنداوی تشرین بێ وەستان بەردەوامە،  ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد.

 

 ستیفان دوجاریک سەرەتا سەرنجی بۆ هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە بەنداوەکە کارناکات و خەڵکی ناوچەکە بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن.

 

 وتیشی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەسەر ئاستی مرۆیی، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و هاوبەشەکانی هەڵمەتێکی سەرکەوتووی کوتانی کۆلێرایان لە کەمپی هۆڵ بۆ کەسانی تەمەن منداڵانی ساڵ و سەرووتر ئەنجامدا، هاوڕێیانمان کە لە بواری مرۆیی کاردەکەن دەڵێن، دۆخی ئەمنی چەند ناوچەیەکی سووریا هێشتا ناسەقامگیرە، شەڕ و پێکدادانەکانی پارێزگای حەلەب کاریگەرییان لەسەر ناوچەی دەوروبەری بەنداوی تشرین هەیە کە ماوەی ٣٥ ڕۆژە لە خزمەتگوزاری بێبەشبووە، هەروەها زیاتر لە ٤٠٣ هەزار کەس لە شارەکانی مەنبج و کۆبانێ بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن.