ژنان بۆ چارەسەری کێشەکانیان دەگەنە هەولێر

لە درێژەی گەڕان بە دوای چارەسەرییەکان و وەستاندنەوە دژی بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان، کەمپیەنی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری سەردانی وەزارەتەکانی هەولێریان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندێکی کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری ڕۆژی ٢٨ی شوبات بە مەبەستی گەیاندنی یاداشت وداواکارییە حەوت خاڵیەکەیان و ٢٤٥ واژۆی ژنان بۆ وەستاندنی بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان سەردانی شاری هەولێریان کرد و یاداشتەکەیان ئاڕاستەی چەند وەزارەتێک کرد.

 

شاندەکەی ژنان پێکهاتبوون لە چوار لە ئەندامانی کەمپەینەکە و یاداشتەکەیان ئاڕاستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد و لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری وەزارەتەکە پێشوازیان لێکرا، یەکێک لە خاڵەکانی یاداشتی ژنان سەبارەت بە نالەباری ژیانی ژنانی زیندانەکانە و داوایانکردبوو ئەو ژنانەی بە تاوانی قورس زیندانکراون تێکەڵ بە ژنانی گەنج و ژنانی دیکە نەکرێن.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کوێستان محەمەد لەسەر ئەو داواکارییە ئاماژەی بەوەداوە، 'ئێمە کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو خاڵانە دەکەین کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەی ئێمەوە هەیە"، هەروەها وتی "لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویستەوە ناتوانن ئەو جیاکردنەوەیە بکەن، بەڵام لە پلاندا هەیە کە زیندانێکی گەورەتر لە شاری سلێمانی بکرێتەوە و ٪٢٧ی کارەکانی تەواو بووە و چاوەڕێن بەدجەی بۆ تەواو بکرێت".

 

هەر لە شاری هەولێر و لە درێژەی سەردانەکاندا، شاندی ژنان سەردانی وەزیری تەندروستی دکتۆر سامان بەرزنجیان کرد و وەزیرە تەنها خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە دەربڕی، هەروەها سەردانی وەزارەتی پەروەردە کرا و یاداشتەکە ئاراستەی سکرتێری وەزیری پەروەردە ئالان محەمەد سەعید کراوە بەهۆی ئامادە نەبوونییەوە.

 

کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان و دۆزینەوەی چارەسەری و ڕێگریکردن لەو بارودۆخەی ئێستا ژنانی تێکەوتووە.

 

ت.پ