ڕۆژنامەوان فریدریک گێردنیک: هەرزوو قەدەغەکرام و وا دەگەڕێمەوە

ڕۆژنامەوانی هۆڵەندی فریدریک گێردنیک لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت: هەر زوو قەدەغە کرام و وا دەگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتووم.

ناوەندی هەواڵ

 

فریدریک گێردنیک، ڕۆژنامەوانی هۆڵەندی و ئەندامی شاندی ئاشتی لەکاتی گەشتنیدا بۆ فرۆکەخانی هەولێر لە تویتێکیدا دەنووسێت: "سڵاو کوردستان، خۆشحاڵم بە گەڕانەوەم"، بەڵام هەر زوو لەلایەن ئاسایشی فڕۆکەخانەوە لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ کەسی ئەندامی شاندەکە بە بیانی و کوردەوە دەستبەسەر دەکرێن و لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتەکانیان دەکرێت.

 

دوای دەستبەسەر کردنیان فریدریک دەنووسێت "هەر زوو قەدەغە کرام و وا دەگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتووم"، لە تویتێکی دیکەشیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە بە توڕەییەوە ئاماژە بە ڕێگرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات: "ئاکەپە دەستی بەسەر هەرێمی کوردستاندا گرتووە و بە بەرپرسەکانی فڕۆکەخانەشم وتووە کە پێویستە وێنەی ئەردۆغان لەپاڵ وێنەی بارزانیدا دابنێن".

ئامانجی هاتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە وەک لە تویتەرەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئەوەیە کە ڕووماڵی سەردانییەکانی شاندی سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران و کەسایەتییە نێودەوڵەتییە بیانی و کوردەکان بکات بۆ باشوری کوردستان و وەستاندی گرژییەکانی نێوان پەکەکە و پارتی(بە هاوکاری تورکیا) و ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە ئامادە بکات، فریدریک دەربارەی ڕێگرییەکە دەڵێت وادیارە ناهێڵن ئێمە یەک دوو ڕۆژ لێرە بمێنینەوە چونکە تورکیا نایەوێت ئێمە لە هەرێم بین.

 

لەتویتێکی دیکەشدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هیچیان بە ئێمە نەوتووە کە بۆچی لە فڕۆکەخانە ڕاگیراوین، من و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکە لە فڕۆکەخانە دەستبەسەر کراوین و لە ماوەیەکی نزیکدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەو ڕێگرییە دەکەین".

بەشیک لە شاندی ئاشتی دوێنێ ١٢ی مانگ گەڕێندرانەوە و ئەمڕۆش پێنج لە ئەندامانی شاندەکە کە مابوونەوە دیپۆرتی فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا کران و کاتژمێر ٣:٠٠ دەگەنە شوێنی خۆیان، لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکیان دەبێت.

ت.پ