ڕۆژنامەنووسێکی سودانی خەڵاتی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوەی "ئاریج" ی بەدەستهێنا
ڕۆژنامەنووس سەلما عەبدولعەزیز خەڵاتی زیوینی باشترین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی عەرەبی لە شانزەهەمین خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەی عەرەبی ئاریج بەدەستهێنا.
ناوەندی هەواڵ
لێکۆڵینەوەکان لە سودان لە خەڵاتەکانی تۆڕی پەیامنێرانی عەرەبی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە "ئاریج" ٢٠٢٥دا خراونەتەڕوو، پێشێلکارییە قورسەکانیان ئاشکرا کرد لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیانی سودان و ڕفاندن، بەمەش ئازارەکانی ئەم وڵاتە خراوەتە پێشەوەی سەرنجەکان.
سەلما عەبدولعەزیز، ڕۆژنامەنووسی سودانی خەڵاتی لێکۆڵینەوەی زیوینی تۆڕی پەیامنێرانی عەرەبی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە "ئاریج" ساڵی ٢٠٢٥ی بەدەستهێنا بەهۆی لێکۆڵینەوەکەی بەناوی "المصيدة البشرية" "تەڵەی مرۆڤ".
لێکۆڵینەوەکانیبەناوی "المصيدة البشرية" "تەڵەی مرۆڤ" ئەو پێشێلکارییانە ئاشکرا دەکات کە کۆچبەرانی سودان لەسەر سنووری سودان و میسر تووشی بوون، چەتەکان گواستنەوەی خۆیان بۆ ئەسوان لە ڕێگا دوورەکانەوە کە دوورن لە خاڵە ئاسایشییەکانیان قۆستەوە، هەروەها سوودیان لە چوونە ناوەوەی ناڕێک و پێکیان بۆ میسر وەرگرت، لێکۆڵینەوەکە دۆسیەکانی دەستدرێژی و ڕفاندن و داواکاری فیدیە لە دژی سودانییەکان بەڵگەدار دەکات.
سەلما عەبدولعەزیز تاکە ڕۆژنامەنووسی سودانییە کە خەڵاتی ئەمساڵی بەدەستهێناوە، هەروەها خەڵاتی میدیایی "ئیغادی" لە ساڵی ٢٠٢٤ بەدەستهێنا بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بە ناوی "القتل على الموبايل في السودان" "کوشتن بە مۆبایل لە سودان"، کە چیرۆکی دڵتەزێنی دەیان منداڵی کچی دانیشتوانی دارفۆری بەڵگەدار کردووە کە بەهۆی هەڵگرتنی مۆبایلەوە کوژراون یان ئەشکەنجە دراون تا مردن، لەگەڵ ئەوەی تاوانباران بە یارمەتی سەرکردەکان و خێزانی زیانلێکەوتووەکان لە سزا ڕزگاریان بووە.
تۆڕی پەیامنێرانی عەرەبی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە "ئاریج" کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە عەمان دامەزراوە، تایبەتە بە پێشخستنی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە لە جیهانی عەرەبیدا، تۆڕەکە لە سەرانسەری ١٦ وڵاتی عەرەبیدا کاردەکات، هەروەها هاوکاری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی دەرەوەی ناوچەکە دەکات، بەرنامەی خولی پەروەردەی تایبەتمەند، پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی، چاودێری و بەدواداچوونی پیشەیی بۆ بەرهەمهێنانی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە بە شێوەی جیاواز: نووسراو، دەنگی، بینراو، و دیجیتاڵی پێشکەش دەکات.
لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، تۆڕی پەیامنێرانی عەرەبی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە "ئاریج" زیاتر لە ٣٥٠٠ ڕۆژنامەنووسی ڕاهێناوە و سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٦٥٠ ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی کردووە، کە زۆربەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی بەناوبانگیان بەدەستهێناوە، هەروەها تۆڕەکە دەرفەتی تۆڕکردن لەگەڵ دامەزراوە و پلاتفۆرمە چاپەمەنییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان ئاسان دەکات، بەمەش بوونی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بەهێزتر دەکات.
ساڵانە تۆڕی پەیامنێرانی عەرەبی بۆ ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە "ئاریج" کۆڕبەندی ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوەی عەرەبی ڕێکدەخات، کە پسپۆڕانی جیهان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دیارترین ئاڵەنگاری و دەرفەتەکانی بەردەم ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی لێپرسینەوە و ئازادی راگەیاندن.