ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش کرایە ئامانج
لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ڕۆژی جیهانی ژنان، ژنە ڕۆژنامەنووسێک لەلایەن پەیجێکەوە کراوەتە ئامانج، چەندین تۆمەت خراوەتە پاڵی و ئەمەش جاری یەکەم نییە کە ئەم تۆمەتانەی بۆ هەڵدەبەسترێت.
ناوەندی هەواڵ
شەهێن سابیر، ئەزموونی ١٩ ساڵی لە کاری ڕاگەیاندندا هەیە، ئێستاش وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ کار دەکات، خوێندکاری ماستەرە لە بەشی ڕاگەیاندن و فەرهەنگ لە زانکۆی تارانی وڵاتی ئێران و زیاتر لە بواری کەلتور و فەرهەنگدا کار دەکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن پەیجێکی ساختەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لە ڕێگای پۆستێکەوە چەندین وشەی نەشیاو، تۆمەت، لە کەدارکردن و ناوزڕاندن بەرامبەر بە شەهێن سابیر و ژیانی تایبەتی بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ژنها کەوتەوە، ئەمە یەکەمجار نییە، ئەم ناوزڕاندنە بەرامبەر بە شەهێن سابیر ئەنجام دراوە، لە ساڵی ڕابردووشدا و لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەم ناوزڕاندنە دراوە و لێکۆڵینەوە لەو پەیجە دەستی پێکردووە.
لە پەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لە پۆستێکدا شەهێن سابیر بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە هەوڵی ناوزڕاندنیان داوە بە کەسانێکی بۆش و دەروون نەخۆش ناویان دەبات، دەشڵێت " لە کاکردن و ھەوڵەکانم ناوەستم بگرە چالاکانەتر دێمە مەیدان، ئەوانەی ئەم کارانە دەکەن مرۆڤێکی بۆشن و بەم ڕێگەیە دەروونی نەخۆشیان ڕادەگرن کە دەست بەرن بۆ ناوبانگی ژمارەیەک خەڵک و بیر لە لەکەدارکردنیان بکەنەوە، بەڵام سەرەنجام بەھۆی بۆشی و خاڵی بوونیانەوە بە بایەکی کەم با دەیانبات و ھەوا پاک دەبێتەوە !".
هەڵوێستی سەنتەری میترۆ دەربارەی ناوزراندنی ڕۆژنامەنووسان
پاش ئەم ڕووداوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی پەیجە فەیکەکان ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێنە ئامانج، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپاتکردەوە.
لە بەیاننامەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە " سەنتەری میترۆ كە هەمیشە داكۆكیكارە لە مافی رۆژنامەنوسان، هەموو پشتیوانییەك لە ژنە ڕۆژنامەنووسی ناوبراو دەكەین و دڵنیای دەكەینەوە داكۆكیكارێكی سەخت دەبین"، هەروەها بکەرەکانی ئەو کارەشیان بە " کەسانی نابەرپرس و خاڵی لە بەها ئەخلاقییەکان" ناوبردووە.
جگە لە سەنتەری میترۆ چەندین کەسایەتی دیکەش، لە چالاکوان و پەرلەمانتار پشتیوانی خۆیان بۆ شەهێن سابیر دوپاتکردووەتەوە.
ناوزڕاندن لە بەرامبەر ژناندا لە هەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەو ژنانەی کار دەکەن یاخود کەسانێکی چالاکن، لەلایەن کۆمەڵێک کەس یاخود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵی ناوزڕاندنیان دەدرێت بۆ لەکەدار کردنیان.
ت.پ